کەریم سلێمان بۆ کوردستان24: ڕۆژی دووشەممە بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم دیاری دەکرێت

کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولر:

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەمە کۆبوونەوەی لێژنەی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق بەڕێوە دەچێت، کە تیایدا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر بڕی وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ شەممە (1ـی حوزەیرانی 2024) کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕۆژی دووشەمە کۆبوونەوەی لێژنەی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، بەڕێوە دەچێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو وەزیری کشتوکاڵ و بازرگانی عێراق تێیدا بەشدار دەبن، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش گفتوگۆکردنە لەسەر میکانیزمی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ڕێژەکەی دیاری دەکرێت.

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەوەشی خستەڕوو، لە هەمان کاتدا ڕێکەوتێکیش دیاری دەکرێت بۆ ئەوەی سایلۆکان دەست بکەن بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ شه‌ممه (‌1ـی حوزه‌یرانی 2024) حه‌یده‌ر كه‌رعاوی، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانه‌وێڵه‌ له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراق ڕایگه‌یاند، تا ئێسته‌ هیچ بڕه‌ گه‌نمێكی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانیان وه‌رنه‌گرتووه‌ و له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌ست ده‌كرێت به‌ وه‌رگرتنی به‌رهه‌می گه‌نمی جووتیارانی پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك.

پێشتریش کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوتبوو: تاوەکو ئێستە حکوومەتی عێراق وەرگرتنی ڕێژەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردتسانی دیاری نەکردووە کە مەزەندە دەکرێت، بگاتە زیاتر ملیۆنێک و نیو تۆن.

ساڵی ڕابردوو، حکوومەتی عێراق تەنها 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت؛ ئەو بڕە گەنمەی مابووەوە، بە هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیای ناوخۆییەوە لە جووتیاران کڕدرا.

بەپێی داتا کۆکراوەکان، ئەمساڵ دوو ملیۆن و 900 هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە گەنم داچێندراوە. حکوومەتی عێراقیش بۆ هەر تۆنێک گەنم، 850 هەزار دینار دیاری کردووە.

Fly Erbil Advertisment