جووتیارانی راپەڕین: بارانی زۆر زیانی بە دەغڵ و دانمان گەیاندووە
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دروێنەی گەنم دەستی پێ کردووە، بەڵام بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بەرهەمی گەنم بە ڕێژەی سەدا 20 بۆ 25 کەمی کردووە.
وەرزی دروێنەی گەنم لە دەشتی بیتوێن و ئیدارەی راپەڕین دەستی پێ کردووە .جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، ئەگەرچی ئەمساڵ تێکڕای ڕێژەی باران زۆر باش بووە، بەڵام بەرهەمی گەنم بە دڵی جووتیاران نییە و دەڵێن ئەمساڵ داهاتی گەنم کەمتر دەبێت.
ڕزگار محەممەد، جووتیارێکی دەڤەرەکەیە و دەڵێت، "ڕاستە باران زۆر باریوە، بەڵام ئەو کاتەی پێویست بوو گەنم دان بکات و خۆی پڕبکات، ماوەیەک باران نەباری، پاشان ئەو بارانە زۆرانەی بەدوای یەکتردا هاتن زیانی لە دەغڵ و دانمان داوە".
زەویە کشتوکاڵییەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین زەوی تەخت و ئاوگرن. ساڵانە بە بارانێکی کەم، باشتر گەشە دەکەن و بەرهەمیان زیاتر دەبێت، ئەمساڵ زیاتر لە 850 میللی مەتر باران لە دەڤەرە باریوە، بەو هۆیەوە بەرهەمی گەنم بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بە ڕێژەی سەدا 20 بۆ 25 کەمی کردووە.
خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ڕاپەڕین ئاماژە بەوە دەدات، "بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانی بیتوێن و پشدەر ساڵی تا ڕادەیەک وشک باشترە نەک بارانی زۆر، چونکە زەوییەکان تەخت و ئاوگرن. لە ساڵی تەڕ و توشدا، داهاتی گەنم باش نییە".
لە سنووری ئیدارەی راپەڕین ساڵانە 158 هەزار دۆنم زەوی بەراو و دێمی هەیە کە شیاوی داچاندنن و زۆرینەی بەگەنم دادەچێنرێت، ساڵی ڕابردوو داهاتی گەنمی جووتیارانی سنورەکە 60 هەزار تۆن گەنم بووە، بۆ ئەم ساڵ پێشبینی دەکرێت بۆ 40-50 هەزار تۆن لە کەمی بدا.