دوا هۆشداری بۆ بریکارەکانی بەشە خۆراک
بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکیی هەولێر ڕایگەیاند، سەرجەم بریکارەکانی خۆراکمان ئاگادار کردووەتەوە ، هیچ بەشە خۆراکێکی ئەم مانگەیان بۆ ناچێت تاکو کارتى بانکىی دروست دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2024، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەرى بازرگانىی کەلوپەلى خۆراکىی هەولێر، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەبڕیاری بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی عێراقی هەر بریکارێک مامەڵەی دروستکردنی ڤیزە کارتی نەکردبێت بەشە خۆراکی سەبەتەی چوار، واتا بەشە خۆراکی ئەم مانگەی بۆ ناچێت .
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "ئێمە لە مانگی یەکی ئەمساڵ هەموو بریکارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە کە چیتر پارە بە کاش وەرناگیرێت و مامەڵەشی پێوە ناکرێت، چونکە ئێستە جیهان هەمووی بووە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی".
دەڵێت، "ئێمە شەش مانگە داوامان لەو بریکارانە کردووە، بۆ دروستکردنی ئەو کارتە کە کۆی گشتی دوو هەزار و 100 بریکارن، تەنیا 800 بریکار هاتوون بۆ دروستکردنی، ئێستە بڕیارمان لە بەغداوە بۆ هاتووە، هەر بریکارێک ئەو کارتەی دروست نەکردبێت بەشە خۆراکی ئەو مانگەی بۆ ناچێت، هەرچەندە ئێمە چەندان جار کار ئاسانیمان بۆیان کردووە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت بۆیان بچێتە ماڵەوە، بڕیارەکەیان پشتگوێ خستووە".
دلێرعەبدولواحید ئاماژە بەوە دەدات کە لەناو بەڕێوەبەرایەتیی بانکێک هەیە لقێکی کردووەتەوە، بانکی باشووری ئیسلامى ڤیزە کارت بۆ بریکارەکان دەردەهێنێت بە ماوەی یەک ڕۆژ بەبێ بەرامبەر. ئەوانەی دروستیان نەکردووە دەتوانن سەردانی ئەو بانکە بکەن و ئەو بریکارانەى مامەڵەیان کردووە و ڤیزە کارتییان وەرنەگرتووەتەوە، پێویستە سەردانی هۆبەی ئەو بانکە بکەن لە ناو بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بۆ وەرگرتنەوەیان".
ئەو بەڕێوەبەرە ڕوونیشی کردەوە، بریکارەکان دەتوانن لە ڕێگەى هەر کارتێکی بانکى دیکەشەوە بێت پارە بدەن، بریکارەکان بۆ هەر کەسێک بڕى 350 دینار دەدەن بە بەڕێوەبەرایەتیى بازرگانى، لە بەرامبەردا 500 دینار لە هەر هاوڵاتییەک وەردەگرن کە بەشەخۆراکى پێ دەدەن.
سەبارەت بەو بریکارانەی کە میراتگرن، دلێر عەبدولواحید ڕایگەیاند، ئەوانەی کە میراتگرن بە هەر جۆرێک بێت جا بریکاری پێشوو مردبێت یاخود جێگرەوەی هەبێت، "ئێمە لای خۆمانەوە ناوی لیستی بەشە خۆراک بەناوی میراتگرەوە دەکەین، جا ئەگەر کوڕی بێت یاخود خێزانی یان کچ، بەماوەی یەک ڕۆژ ئەو کێشەی بۆ چارە دەکرێت".