گەرعاوی: بۆ وەرگرتنی دانەوێڵەی جوتیارانی هەرێم چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی کشتوکاڵی کوردستان دەکەین

حەیدر نووری گەرعاوی بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق
حەیدر نووری گەرعاوی بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق

حەیدر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێت: بۆ وەرگرتنی بەرهەمی دانەوێڵەی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین.

گەڕعاوی ڕایگەیاند، لە 11ی نیسانەوە پرۆسەی وەرگرتنی دانەوێڵە لە باشووری عێراق دەستی پێ کردووە و ئێستا پرۆسەکە گەیشتووەتە ناوەڕاستی عێراق لە سنووری دیالە و نەینەوا، بەراورد بە ساڵی ڕابردووش بەرهەمی ئەمساڵ تا ڕادەیەک زیادی کردووە و هەوڵدراوە بڕە زیادەکەش لە جووتیاران بکرێتەوە.

سەبارەت بە وادەی دەستپێکردنی بەرهەمی دانەوێڵەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، حەیدەر نووری گەرعاوی گوتی: تاوەکوو ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەست بە وەرگرتنی دانەوێڵە نەکراوە چونکە کاتی دروێنە هێشتا ماوە و کۆتایی نەهاتووە.

گوتیشی: لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان تاوەکوو ئێستا چەند ڕاپۆرتێکمان لەلایەن وەزارتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانەوە پێگەیشتووە، بەڵام چاوەڕوانی دوا وەڵامی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی زیادەی بەرهەمی ئەمساڵمان پێ بدەن و دواتر بە سیدی وردەکارییەکانمان بدەنێ بۆ ئەوەی پرۆسەکە دەست پێ بکرێت.

هەروەها ئاماژەی داوە، نوێنەری کۆمپانیاکیان لە سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک ئامادەن بۆ وەرگرتنی بەرهەمی دانەوێڵە و خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان.

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕاشیگەیاند، بەشێوەیەکی گشتی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەرهەمی دانەوێڵە زیادی کردووە بەڵام جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە. داواشی کرد جوتیاران پەرەی زیاتر بە تواناکانی بەرهەمهێنان بدەن بۆ زیادکردنی بەرهەمی دانەوێڵە.

لە بارەی هاوردەکردنی دانەوێڵەی دەرەکیش ڕایگەیاند، کۆمپانیاکەیان بەرپرس نییە لە هێنان و کڕینەوەی دانەوێڵەی دەرەکی، گوتی: پێویست دەستەی دەروازە سنوورییەکان و گومرگ ڕێگربن لە هاوردەکردن و ساخکردنەوەی دانەوێڵەی دەرەکی، چونکە پلانی حکوومەتی عێراق ئەوەیە بەرهەمی ناوخۆیی بکڕێتەوە و شایستە داراییەکان بۆ جوتیارانی ناوخۆیی بێت.

Fly Erbil Advertisment