عێراق.. ساڵانە 150 هەزار گەنج بێکار دەبن

بێکاریی گەنجان لە عێراق
بێکاریی گەنجان لە عێراق

سەرەڕای ئەوەی عێراق وڵاتێکی خاوەن نەوت و چەندین داهاتی دیکەی ناوخۆییە، بەڵام ژمارەیەكی زۆری ھاووڵاتیانی بێكارن. بە گوێرەی ئامارەکان، ساڵانە نزیکەی 150 هەزار گەنج بێكار دەبن.

ئێستا هاوڵاتییانی عێراق چاویان لەسەر خشته‌كانی بودجه‌ی 2024 كە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، بەو هیوایەی کەمێک لە بارودۆخی ژیانیان بگۆڕێت، بەڵام بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان عێراق سێیەم وڵاتی جیهانە لە بێکاریدا و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە ڕیزبەندی یەكەمدایە.

بەپێی داتاکان، بێکاری لە عێراق لە %15 زیاترە، لەم ڕووەوە لەسەر ئاستی جیهان سێیەم و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی یەکەم وڵاتە .

رێژەی بێكاری لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەردەوام زیادی كردووە بە جۆرێك لە ساڵی 2013 سەدا 9.27 بووە و تا ساڵی 2021 گەیشتووەتە سەدا 16.17 و لەم سێ ساڵەی دواییدا كەمێك دابەزیوە و بووەتە سەدا 15.55

وەک لە داتاکان هاتووە، لە سەر ئاستی جیهان نێجیریا یەکەم و باشووری ئەفریقا دووەم و عێراق سێیەم وڵاتە لە ڕێژەی بێکاریدا.

لە سەدا 38ی هاووڵاتییانی عێراق فەرمانبەری حکوومین و سەدا 62ی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، کە ڕێژەی فەرمانبەری حکوومی بەراورد بە زۆر وڵاتان زۆرە، کە ئەمە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ئابووری و وەبەرهێنان.

هێزی کار لە عێراق، لە 15 – 63 ساڵی و %63ی دانیشتووانی پێک هێناوە، واتە زۆربەی ئەو کەسانەی کار دەکەن لەو تەمەنەدان، کە دەتوانرێت سوودی زیاتری لێ ببینن، لەو ڕێژەیەش زیاتر لە سەدا 50ی پیاوان و سەرووی سەدا 49ی ئافرەتانن.

یەكێكی دیكە لە ھۆكان، هاتنی بڕێکی زۆر لە کاڵا و بەرهەمی جۆراوجۆری هەرزانە کە کێبڕکێ لەگەڵ بەرهەمی ناوخۆیی دەکەن.

لە نێو ئەو هۆیانەی دیكە كە بوونە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێكاری لە ‎عێراق لێشاوی كرێكارانی بیانییە كە دەستیان بەسەر دەرفەتەكانی كاردا گرتووە.