موحسین مەندەلاوی: پەرلەمانی عێراق جەخت لە بەرەوپێشبردنی کەرتی خوێندنی باڵا دەکاتەوە

K24 – هەولێر:
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق (بە وەکالەت) دەڵێت: زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، زانکۆیەکی جیهانییە و سیستەمی کارکردن و پرۆگرامەکانی خوێندنی هاوتایە لەگەڵ ستاندارد و پێوەرە جیهانییەکان.
موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق (بە وەکالەت)، لە ئاهەنگی شەشەمین خولی دەرچووانی قوتابییانی زانکۆی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، پەرلەمانی عێراق هەمیشە جەخت لە بەرەوپێشبردنی کەرتی خوێندنی باڵا دەکاتەوە، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە میتۆدی باشتر لە توێژینەوەی زانستی و خویندنی باڵا بگرێتەبەر ئێمە پێویستمان بە پەرەپێدانی باش هەیە.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق (بە وەکالەت)، ئاماژەی بەوە دا، پێویستە پەیوەندی خۆمان لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکان ڕاست بکەینەوە، کەرتی تایبەت دەتوانێت هاوئاراستە بێت لەگەڵ کەرتی حکوومی بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی خوێندن.
لەبارەی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، مەندەلاوی گوتی: ئەو زانکۆیە ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە خوێندن سەرجەمی دابین کردوون، هەروەها زانکۆکە، زانکۆیەکی جیهانییە و سیستەمی کارکردن و پرۆگرامەکانی خوێندنی هاوتایە لەگەڵ ستاندارد و پێوەرە جیهانییەکان.
گوتیشی: زانکۆکە توانای ئەوەشی هەیە داواکاری وڵات جێبەجێ بکات، دەستەی ئەکادیمی دەتوانن بەشداربن لە پرۆژەکانی داهاتوو و گەشەپێدان، بە تایبەتی کە عێراق لە سەرەتای شۆڕشێکی ئاوەدانکردنەوەی گەورە لە سەرجەم کەرتەکاندا.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024) ئاهەنگی خولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، بە ئامادەبوونی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وێنەی یادگاری لەگەڵ دەرچووانی ئەم خولەی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک و ستافی ئەکادیمی گرت و لە نزیکەوە پیرۆزبایی لێکردن.
هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە میوانانی ئامادەبووی ئاهەنگی خولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، کە جگە لە کەسوکاری دەرچووانی ئەم خولەی زانکۆکە، دەیان میوانی بیانی و ناوخۆیی ئامادەی ئاهەنگەکەن.
زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە و تاوەکوو ئێستا شەش خولی دەرچووانی بڕوانامەیان وەرگرتووە و زیاتر لە 700 دەرچووی لە بەشە جیاوازەکاندا هەیە کە ئێستا بەشێکیان لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان درێژە بەخوێندنی باڵا دەدەن.
زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک لە چوار کۆلێژ و 10 بەشی زانستی جیاواز پێکدێت، لەوانەش؛ بازرگانی کار، زانستی کۆمپیوتەر، دیزاینی ناوخۆ، سیاسەتی گشتی، میدیا و پەیوەندییەکان، پەرستاری و ئەندازیاری. ئەم زانکۆیە، لە لایەن هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕوانامەکەی متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاستبەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە.
زمانی خوێندن لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک ئینگلیزییە و بە سیستمی "هونەری ئازاد" قوتابییانی پەروەردە دەکات، کە بریتیە لە پێشکەشکردنی چەندین کۆرسی جۆراوجۆر لە زانستە مرۆڤایەتی و سرووشتییەکان بە قوتابی، پێش ئەوەی لە شارەزاییەکی دیاریکراودا دەست بەخوێندن بکات. ئەم جۆرە سیستمە لە ویلایهته یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڵاوی پەیڕەو دەکرێت.