فەوزی هەریری بۆ کوردستان24: سەرۆکی هەرێم وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکات

فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە 5ـی ئەیلوول تەنیا پێشنیازە نەک بڕیار، دوایین بڕیار بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاری دەکرێت.

ڕۆژی یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024) فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بڕیاردان لەسەر دەستنیشان کردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.

فەوزی هەریری ڕوونی کردەوە: دیاریکردنی ڕۆژی 5ـی ئەیلوول بۆ وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، تەنیا پێشنیازە کە دەتوانن لەو وادەیەوە سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بکات.

هەر چەندە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024)ـی بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کردبوو، بەڵام بەشداری نەکردنی پارتی و پێکهاتەکان، بەهۆی بڕیارێکی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتای پەرلەمانی کوردستان و "دەستێوەردانی دەرەکی و ئامادەکردنی دیزاینی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکە"؛ هەڵبژاردنەکە جارێکی دیکە دواخرا.

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، لە وەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەشکراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاری دا لە 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسیی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێن. واتا 95 کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەت دەبن بە پێکهاتەکان.

ڕۆژی سێشەممە (21ـی ئایاری 2024) دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد. بە گوێرەی دەقی بڕیارەکە کە ڕۆژی دووشەممە (20ـی ئایاری 2024) دەرچووە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن: پارێزگای هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان، پارێزگای سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان) و پارێزگای دهۆک: (یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان).

Fly Erbil Advertisment