ساسان عەونی: قۆناغی دەستنیشانکردنی شوێنی زەوییەکانمان بۆ فەرمانبەران تەواو کردووە

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕایدەگەیەنێت، لەمەودوا فەرمانبەران دەتوانن لە فەرمانگەکانی خۆیان داواکاری پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنتی زەویی و ئێستە قۆناغی دەستنیشانکردنی شوێنی زەوییەکانمان بۆ فەرمانبەران تەواو کردووە، ئاماژەی بەوەدا، لەم قۆناغەی ئێستا فەرمانبەرانی هەمیشەیی دەبنە خاوەنی زەویی.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24ـدا، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات گوتی: بڕیاری دابەشکردنی زەویی بڕیاریكی زۆر گرنگ بوو، هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەخشەدانانی ئاوەدانی زۆر بە جددی کاری لەسەر دەکەن، قۆناغی دەستنیشاندکردنی شوێنی زەوییەکانمان تەواو کردووە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاماژەی بەوە دا، لەمەودوا فەرمانبەران لە فەمانگەکانی خۆیان دەتوانن دەست بە پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی زەوی بکەن.

ناوبراو ڕایگەیاند، "لە هەموو پارێزگاکان کێشەی دابینکردنی زەویی هەیە، دوو بژاردەمان لە پێشە ئەگەر لەناو سنووری ماستەرپلانی شارەکان شوێنی پێویستە مابێت بۆ بابەتەکە بە دڵنیاییەوە کاری لەسەر دەکرێت، ئەگەر شوێنیش نەبێت ئەوا ماستەرپلانەکان فراوانتر دەکرێت و شوێنیان بۆ دابین دەکرێت".

لەبارەی وەرگرتنی زەویی، دەڵێت: هەر فەرمانبەرێک مووچەخۆری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت و هەشت ساڵ خزمەتی هەبێت شیاوی وەرگرتی زەوییە، سەبارەت بە فەرمانبەرانی گرێبەستێش روونیکردەوە، ئێستە دابەشکردنەکە تەنیا فەرمانبەرانی هەمیشەیی دەگرێتەوە.

هاوکات ڕاشیگەیاند، بەپێی ڕێنماییەکان ئەو فەرامانبەرانەی کە پێش ڕاپەڕین زەوییان وەرگرتبێت بە سوودمەندبوو هەژمار دەکرێن و وەرگرتنی زەوی بۆ جارێکی دیکە نایانگرێتەوە.

لەبارەی دابەشکردنی زەویی بەسەر ژن و مێرد، ساسان عەونی گوتی: ئەگەر ژن و مێرد، هەردووکیان فەرمانبەر بوون، خاڵی هەردووکیان کۆدەکرێتەوە و خاڵی کامیان زیاتر بوو، بەناوی ئەوەوە دەکرێت، بەهەمان شێوەش ئەگەر لە یەک ژن زیاتری هەبێت.

هەروەها لە ڕێنماییەکەدا ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، هەر فەرمانبەرێک پێش ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری سوودمەندبوو لە وەرگرتنی زەوی، ئێستا هاوژینەکەی کە سوودمەندنەبووە لە وەرگرتنی زەوی، ئەوا دەتوانێت داواکاری پێشکەش بکات بۆ وەرگرتنی زەوی. گوتیشی: کارتی زانیاری پێوەرە بۆ دابینکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا.

لەبارەی تیروپشک بۆ زەویی فەرمانبەران، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، باسی لەوە کرد، هەوڵمانداوە زەویی بەسەر هەموو فەرمانبەران دابەش بکەین و تووشی حاڵەتی تیروپشک نەبین، لەکاتێک تووشی ئەو حاڵەتە دەبین ئەگەر ژمارەی زەوی بەپێی پێویست نەبێت و ئەوا هەروەک لە ڕێنماییەکە هاتووە بە پێی خاڵی ساڵانی خزمەتی وەزیفیی بە تیروپشک فەرمانبەران دەبنە خاوەنی زەویی.

لەبارەی دابەش دووکردنی زەوی، ناوبراو ڕایگەیاند، لەبەر پێداویستی و داواکاری خەڵک بڕیاری دابەش دووکردنی زەویی درا، هەروەها ئەم بڕیارەش هەموو ئەو زەوییانە دەگرێتەوە کە خاوەنەکانیان ماوەیەکی زۆرە داوای ئەو کارەیان کردووە.

ساسان عەونی باسی لە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک کرد و گوتی: کارکردن لە گەڕەکەکە بەردەوامە و شێوازی کارکردنەکانمان گۆڕیوە و سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کاری زۆر باشی تێیدا کردووە، بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.

سەبارەت بە بەستنەوەی پرسی دابەشکردنی زەوی بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاشکرای کرد، بابەتی دابەشکردنی زەویی هیچ پەیوەندی بە پرسی هەڵبژاردنەوە نییە، بەڵکو بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە بۆ خزمەتی سەرجەم فەرمانبەران.

لەبارەی رێژەی سەوزایی لە شارەکان، دەڵێت: بەرنامەی کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیادکردنی ڕێژەی سەوزاییە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک نەهێڵدراوە ئەو ڕێژەیەی ئێستا هەیە کەم بکرێتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە کار بۆ زیادکردنی کراوە.

لە درێژە قسەکانیدا ساسان عەونی، ئەوەشی خستەڕوو، پرۆسەی دروستکردنی پارکی زیاتر لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، سەرەڕای نەبوونی بودجە بەو داهاتە کەمەی لەبەر دەستدایە هەوڵ بۆ دروستکردنی پارک و باخچەکان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان دراوە.

لەبارەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: شەقامەکە ئێستە لە قۆناغی قیرتاوکردندایە بۆ مانگی 10 یاخوود 11ـی ئەمساڵ نزیکەی 80%ـی شەقامەکە بە درێژایی زیاتر لە 20 کیلۆمەتر تەواو دەبێت.

ڕۆژی (27ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەرکرد، کە یەکێک لە بڕیارەکان ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بوو بۆ تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانی تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون.

سەرجەم ڕێنماییەکانی دابەشکردنی زەوی لەم لینەکە بخوێنەوە

Fly Erbil Advertisment