تورکیا.. ڕێژەی هەڵاوسان بۆ بەرزترین ئاستی 18 مانگی ڕابردوو هەڵکشا

سەرەڕای بەرزیی ڕێژەی سووی بانکیی لە تورکیا، ڕێژەی هەڵاوسان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، بەشێوەیەک کە دوایین ئامار دەری دەخات ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی 18 مانگی ڕابردووە.
ناوەندی ئامارەکانی تورکیا ڕایگەیاند؛ ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ بۆ 75.45% بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەراورد بە ئامارەکانی مانگی پێشتر ئاستێکی بەرزە کە 69.8% بوو.
ئەو ئاستەی ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی ئایاردا پێی گەیشتووە، بەرزتری ئاستە لەماوەی 18 مانگی ڕابردوودا تۆمار کرابێت، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی 11ی ساڵی 2022 ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیا 84%ی تێپەڕاندبوو و دواتر دەستی بە دابەزین کرد.
بەرزبوونەوەی بەردەوامیی ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیا هاوکاتە لەگەڵ بە بەرزیی هێشتنەوەی ڕێژەی سووی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە، بەشێوەیەک کە ئێستا ڕێژەی سووی بانکیی لە تورکیا بە 50% جێگیرکراوە ئەوەش بە ئامانجی دابەزاندنی ڕێژەی هەڵاوسان، بەڵام ئەو سیاسەتەی بانکی ناوەندیی تورکیا ئامانجەکەی خۆی بەدی نەهێناوە.