لە هیندستان دەیان کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما گیانیان سپارد

بەگوێرەی داتاکانی حکوومەتی هیندستان، دوای ئەوەی شەپۆڵێکی گەرمای بەرز ئەو وڵاتەی گرتەوە، نزیکەی 25 هەزار کەس تەندروستییان بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە تێک چوو، هەروەها دەیان کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان سپاردووە.
لە لایەکی دیکەوە، بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی هیندستان تووشی گەردەلوولی خۆڵ و بارانبارینی بەخوڕ لە ویلایەتی ئاسام لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هیندستان بووەتە هۆی گیان سپاردنی 14 کەس.
سەبارەت بە هەڵبژاردنە گشتییەکانی هیندستان، لانیکەم 33 کەس کە بەرپرسانی هەڵبژاردنەکانیشی تێدابووە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە لە ویلایەتی ئۆتار پرادێش، بیهار و ئۆدیشا گیانیان سپاردووە.
بەپێی داتاکانی سەنتەری نیشتمانیی بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان، لە مانگی ئایاردا دۆخەکە خراپتر بووە، هەروەها ژمارەی ئەوانەی بەهۆی گەرماوە گیانیان سپاردووە گەیشتووەتە 46 کەس، ئەمە جگە لەوەی 19 هەزار و 189 کەسیش بەهۆی گەرماوە تەندروستییان تێک چووە.
ڕۆژنامەی هیندۆسی بڵاویکردووەتەوە، کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی گەرماوە گیانیان سپاردووە، ڕەنگە نزیکەی 80 کەس بێت و زیاتر لە پێنج هەزاریش لە ویلایەتی مادیا پرادێشی ناوەڕاستی هیندستان تەندروستیان تێک چووە.
سەنتەری نیشتمانی هیندستان بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکان، تیشکی بەتینی خۆر بە مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دەزانن، کە ڕێژەی مردن بەو هۆیەوە لە نێوان 40 بۆ 64 %.
لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا پلەکانی گەرما لە باکوور و ناوەڕاستی هیندستان و بەشێک لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە زۆر بەرزبووەتەوە و بەرزترین پلەکانی گەرما لە نێوان 45 بۆ 46 پلەی سیلیزی بووە لە هەندێک ناوچەش گەیشتووەتە 50 پلەی سیلیزی.
بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هیندستان ڕایگەیاند، بەهۆی دەستپێکردنی بای وەرزی، پێدەچێت پلەی گەرما لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دابەزێت.