یەکێک لە تۆمەتبارەکانی دزیی سەدە لە بێلاڕووسەوە گەڕێنرایەوە

بەشێك لەو پارەیەی لە (دزی سەدە) لەلایەن حکومەتی عێراقە دەستیبەسەردا گیراوە - نوێنە: ئەرشیف
بەشێك لەو پارەیەی لە (دزی سەدە) لەلایەن حکومەتی عێراقە دەستیبەسەردا گیراوە - نوێنە: ئەرشیف

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق، زانیاریی نوێ لەسەر دۆسیەی دزیی سەدە ئاشکرا دەکات و ڕایگەیاند، یەکێک لە تۆمەتبارەکانی دزیی سەدە لە بێلاڕووسەوە گەڕێنراوەتەوە و دەدرێتە دادگا.

دادوەر حەیدەر حەنوون دەڵێت: ئێستا چاودێریی جموجووڵی دوو داواکراوی هەڵاتوو دەکەن کە لە دزیی سەدە تێوەگلاون، یەکێکیان تۆمەتبارە بە دزینی 2650 ملیار دینار و تۆمەتبارەکەی دیکەش تۆمەتبارە بە دزینی 500 ملیار دینار کە هەردووکیان لە دەرەوەی وڵاتن، بەڵام بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی هیچ وڵاتێک بکات.

بە گوێرەی دوایین بڕە پارەی لە دزینی گەنجینەی باجی گەڕێندراوەتەوە عێراق بریتی بووە لە 400 ملیار دینار، ئەمەش دەکاتە کەمتر لە %10 ی کۆی پارە دزراوەکانی باج کە کۆی بڕەکەی 3.5 ترلیۆن دینارە کە لە ماوەی ساڵانی 2021 و 2022 لە ئەمیندارێتیی باج دزراوە.

هەروەها لە ئاداری ڕابردوودا حەنون دەستگیرکردن و گەڕاندنەوەی سێ تۆمەتباری تێوەگلاوی لە دزیی سەدە ڕاگەیاند، کە لە هەر یەک ئوردون، سووریا و بیلاڕووس ڕاگەیاندبوو، لە نێویاندا ئەو داواکراوەی لە سووریاوە گەڕێنرابووەوە تۆمەتباربوو بە دزینی 760 ملیۆن دینار لە بانگی ڕەشید لقی زانکۆی میسان، ئەو داواکراوەشی لە بیلاڕووس گەڕێنرابووەوە تۆمەتباربوو بە دزینی 6.5 ملیار دینار کە لە ساڵی 2008 ئەرکی لە وەزارتی تەندروستیی بووە، تۆمەتباری سێیەمیش لە ئوردن دەستگیر کرابوو کە بە هۆی ئامادەنەبوونی لەبەردەم دادوەر حەوت سزای زیندانی بۆ بڕدراوەتەوە.

لە ئۆکتۆبەری 2022، دوای ئه‌وه‌ی بانكی رافیده‌ین دزینی سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناری له‌ هه‌ژماری ده‌سته‌ی گشتیی باج پشتڕاست كرده‌وه‌، دادگای کەرخ لە بەغدا فه‌رمانی ده‌ستگیریكردنی بۆ تۆمه‌تبارانی ئه‌و كه‌یسه‌ ده‌ركرد.

Fly Erbil Advertisment