نەرمین مەعروف: پارەی پێویست لە بودجەی 2024 بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر کراوە

K24 – بەغدا:
ئەندامێکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، چاوەڕێی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەکەین بۆ خستنەڕووی ڕاپۆرتی لێژنەی دارایی لە دانیشتنی پەرلەمان لەبارەی پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024.
ڕۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024) نەرمین مەعروف، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ناکۆکی ناو لێژنەی دارایی ئەوەیە ئایا خشتەکانی بودجەی 2024 وەک خۆی پەسەند بکرێت، یاخود دەسەڵات بە سەرۆکوەزیرانی عێراق بدرێت بۆ زیادکردنی دوو تریلیۆن دینار بۆ پشکی پارێزگاکان.
ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: پشکی هەرێمی کوردستان لە خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024، نزیکەی 20 تریلیۆن و 910 ملیار دینارە کە گرنگترین بڕگەی ئەو پشکە، تەرخانکردنی پارەیە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە بە مووچەی خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتییەوە، کە بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 11 تریلیۆن و نیو دینارە، کە مانگانە 965 ملیار دینار دەکات و ئەمەش دەستەبەری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات، بەپێی لیستەکانی ئێستا.
هاوکات نەرمین مەعروف گوتیشی: لێژنەی داریی ڕاپۆرتی خۆی ئامادەکردووە و بەهۆی ئامادەنەبوونی سەرۆکی لێژنەکە و ناڕازیبوونین واژۆی نەکردووە بەڵام خستنەڕووی ئەو ڕاپۆرتە لە دانیشتنی پەرلەمان، لە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆکایەتییە.
نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەشکرد: بۆ بودجەی 2024 ئەوەی هاتووە بۆ پەرلەمانی عێراق و دەنگی لەسەر دەدرێت، تەنیا خشتەی ژمارەی خەرجییەکانە و هیچ دەقێکی تێدا نییە، ئەوەی پێشتر لە یاسای بودجەدا هاتووە و ساڵی ڕابردوو پەسەندکراوە، گۆڕانکاری تێدا ناکرێت.
لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجی حاکیمە، نەرمین مەعروف ڕایگەیاند: لە خەرجی حاکیمە بۆ دابینکردنی بەشەخۆراک، دەرمان، پاڵپشتیکردنی گەنمی جووتیاران، خەرجی هەڵبژاردنەکان و پارەی هاوردەکردنی وزە، پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 12.67 تەرخانکراوە، ئەمەش پەیوەندی بە پابەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانەوە نییە و وەک خۆی خەرج دەکرێت و پێشتریش گرفتێکی ئەوتۆ لەو ڕووەوە نەبووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024) لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق حەوتەم کۆبوونەوەی لەبارەی خشتەکانی بودجەی 2024 ئەنجامدا بە ئامانجی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی لیژنەکە بۆ دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
هەرچەندە چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024) دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەر خشتەکانی بودجەی 2024 بەڕێوەبچێت.
ڕۆژی (19ـی ئایاری 2024) لە دانیشتنێکی نائاساییدا خشتەکانی بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 پەسەندکرد و بڕیاریدا ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت بە مەبەستی دەنگدان و پەسەندکردن.
پێشتریش لە (15ـی ئایاری 2024) کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای پێداچوونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 بە بەشداریی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی؛ لە بەغدا بەڕێوە چوو.