وەزارەتی پەروەردە و UNHCR: زیاتر لە پەنجا هەزار منداڵی پەنابەری سووری لە قوتابخانەکانی کوردستان دەخوێنن
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و (UNHCR )کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ئاشکرای دەکەن، پەنجا هەزار قوتابی پەنابەری سووری لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنن و 21 هەزار قوتانی دیکەش چاوەڕێی وەرگرتن دەکەن بۆ ساڵی نوێی خوێندن.
رۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024)، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژان نیکۆلاس بیوز، نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق لە بابەتێکدا کە بە هاوبەشی بڵاویان کردوەتەوە، تێیدا ئاماژەیان بەوە کردووە، هەموو ئەوانەی لە تورکیا و سووریاوە بۆ دەربازبوون لە توندوتیژی پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران پێشوازییان لێکرد و دەرفەتی خوێندنیان بۆ منداڵەکان ڕەخساند کە مافی خوێندنیان هەیە وەک منداڵانی هەرێمی کوردستان.
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ئاماژە بەوە دەکات کە،بۆچی قوتابخانەی جیاواز بۆ پەنابەران دروستبکەن و مامۆستای تایبەت بێنن، لە کاتێکدا دەتوانن وەبەرهێنان لە بەرزکردنەوەی تواناکانی ئەو قوتابخانانە بکەن کە ئێستا هەن، دەشڵێت، هاوشێوەی ئەوەی لە جیهان پەیڕەو دەکرێت، منداڵانی پەنابەر لە قوتابخانە حکومییەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سیاسەتی تێکەڵکردنی پەروەردەی پەنابەران پێشوازییان لێدەکرێت.
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ڕایدەگەیەنێت، ئەو سیاسەتە ڕێگە بە منداڵانی پەنابەر دەدات کە لە هەمان قوتابخانەکانی منداڵانی کوردی ناوچەکە بخوێنن و فێری زمانەکە بن، بە پەیڕەوکردنی هەمان پرۆگرامی خوێندن و دەرفەتی یەکسانیان وەک ئەوان هەبێت.
لە بابەتەکەیوەزیری پەروەردە و کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران هاتووە، ڕێگەیان بە مامۆستایانی پەنابەر داوە، لە هەرێمی کوردستان وانە بە منداڵانی پەنابەر و خۆجێی بڵێنەوە، دەشڵێن، دەرفەتێک دەدەن بە مامۆستایانی پەنابەر بۆ ئەوەی کاریگەری ئەرێنی لەسەر منداڵەکانیان و منداڵانی ئەو کۆمەڵگایانە دروست بکەن کە لەگەڵیاندا دەژین.
ئاماژە بەوە دەکەن، نزیکەی 400 مامۆستای هەمیشەیی و 700 مامۆستای وانەبێژی پەنابەری سووری دامەزراون، پەنجا هەزار منداڵی پەنابەری سووری لە پۆلەکانی یەکی بنەڕەتی تاکوو 12ـی بنەڕەتی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان ناویان لە ساڵەکانی 2023-2024 تۆمارکراوە کە دەکاتە نزیکەی 70٪ـی منداڵانی پەنابەر، هاوکات 21 هەزار منداڵی دیکەش چاوەڕێی وەرگرتن دەکەن.