وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی پێنج ڕەوانەی بەغدا دەکات

K24 - هەولێر:
دوای پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024 لە پەرلەمانی عێراق، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بەغدا دەکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سبەی سێشەممە (4ـی حوزەیرانی 2024) لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.
لە دانیشتنی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024) پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر خشتەکانی بودجەی 2024ـی فیدراڵی کۆبووەوە و بە ئامادەبوونی 199 پەرلەمانتار پەسەندی کرد، کە یەکێک لە بڕگەکانی بریتییە لە دەستەبەر کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی).
پشکی هەرێمی کوردستان بە هەردوو خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان دەگاتە 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 911 هەزار دینار، خەرجی بەکاربردن 14 تریلیۆن و 840 ملیۆن و 223 هەزار دینار پێکدەهێنێت، لەو برە 11 ترلیۆن و 580 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دانراوە و بەم شێوەیە مانگانە 965 ملیار دینار بۆ خەرجی ئەم بوارە ڕەوانە دەکرێت.