جووتیارانی ئەوروپا خۆپیشانداێکی فراوان دەکەن

خۆپیشاندانی جووتیارانی ئیسپانیا و فەرەنسا
خۆپیشاندانی جووتیارانی ئیسپانیا و فەرەنسا

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، جووتیاران بە تراکتۆر رێگەی سەرەکیی فەرەنسا و ئیسپانیایان داخستووە و داوا دەکەن نرخی سووتەمەنی کەم بکرێتەوە. هاوکات داواش دەکەن، بەگوێرەی پێوەرەکان، بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هاوردەی یەکێتیی ئەوروپا بکرێن.

جووتیارانی ئیسپانیا و فەرەنسا بە دەیان تراکتۆر رێگەی سەرەکی نێوان ئەو دوو وڵاتەیان داخستووە و ئامادەکاری بۆ خۆپیشاندانێکی گەورە دەکەن لەدژی سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا. جووتیاران داوا دەکەن بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان ئاسانکاری زیاتریان بۆ بکرێت.

جووتیارێکی دەڵێت، "خۆپیشاندانەکە بۆ ڕاگرتنی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانەیە کە پێوەری ئەوروپی تێیاندا بەدیناکرێت، بێزارین لەوەی هەموو ساڵێک ئەو پێوەرانە بەسەر ئێمە بسەپێندرێن. مەرجەکان زیاد دەکرێن تا بەرهەمەکان لە وڵاتانی دیکە هاوردە بکرێن کە ڕێز لە هیچ شتێک ناگرن."

هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا نزیک بووەتەوە، جووتیاران دەیانەوێت بیکەنە دەرفەتێک تا ناڕەزایەتی خۆیان نیشان بدەن و کێشەکانیان چارەسەر بکرێن.

جووتیارێکی دیکەش ئاماژەی بەوە کرد، "هۆکاری سەرەکیی خۆپیشاندانەکە نرخەکانە و نرخی کاڵاکان لێرە کەمە، بەراورد بە تێچووی بەرهەمهێنان پارەیەکی کەمتر وەردەگرین. ئەو بەرهەمانەی هاوردە دەکرێن بەگوێرەی هەمان یاسا نین کە بۆ ئێمە دانراوە و داوای یەکسانی دەکەین، دەرفەت لەوەش وەردەگرین هەڵبژاردنی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت و تا رادەیەک فشار دروست دەکات."

زیاتر لە ساڵێکە جووتیارانی ئەوروپا خۆپیشاندان دەکەن دژی هاوردەکردنی بەرهەمە کشتووکاڵییەکان لە ئۆکرانیا، ئەفریقا و ئەمەریکای باشوور. ئەوان داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکەن ئەو بەرهەمانەی هاوردە دەکرێن بە گوێرەی یاساکان بن و نرخی سووتەمەنی کەم بکرێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە لەم چەند ڕۆژەدا خۆپیشاندانێکی فراوان لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا دژی یاساکانی ژینگە پارێزی یەکێتیی ئەوروپا بەڕێوەبچێت.

Fly Erbil Advertisment