پارێزگاری دهۆک: ڕای هاووڵاتییانمان لە جێبەجێکردنی زۆرینەی پرۆژەکاندا وەرگرتووە

پارێزگاری دهۆک دەڵێت، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، کابینەی نۆیەم زیاتر لە 971 پرۆژەی لە سنووری پارێزگاکە جێبەجێ کردووە و لە جێبەجێکردنی زۆرینەشیاندا، ڕای هاووڵاتییانیان وەرگرتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 04-06-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24، ڕایگەیاند، "لە ماوەی چوار ساڵی ڕابروودا، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە گوژمەی زیاتر لە یەک ترلیۆن و 100 ملیار دینار، زیاتر لە 971 پرۆژەی لە سنووری پارێزگای دهۆک جێ بەجێ کردووە و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر قەزا و ناحیەکاندا دابەش کراون".
بە گوتەی پارێزگاری دهۆک، زۆرینەی ئەو پرۆژانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابروودا جێبەجێ کراون، "ئەوانەبوون کە پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە هەبوون، واتە لە بوارەکانی ڕێگاوبان، پەروەردە، کارەبا، ئاو و چەند بوارێکی دیکەدا بوون".
وەکو ئەوەی عەلی تەتەر باسی کرد، "بە بەڕێوەبەرانی قەزا و ناحیەکانمانی سنووری پارێزگاری دهۆکمان ڕاگەیاندبوو، ڕای هاووڵاتییانیش لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا وەربگرن. واتا ڕای هاووڵاتییانمان لەبارەی جۆر و شوێنی زۆرینەی ئەو پرۆژانەی جێبەجێمان کردوون، وەرگرتووە".
پارێزگاری دهۆک ئەوەشی خستەڕوو، "لە بواری پەروەردەدا، تەنها لە ساڵی ڕابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی بۆدروستکردنی 30 قوتابخانەی لە سنووری پارێزگای دهۆک داناوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرۆشی و بایەخی کابینەی نۆیەم بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان".
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، 03-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمێکدا، بەردی بناغەی هەردوو پارکی ئالۆکا و سەرهەڵدان لە گەڕەکی (بەرۆشکێ)ـی شاری دهۆک، بە گوژمەی 131 ملیار و 898 ملیۆن و 515 هەزار دینار دانا.
دواتر سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چووە باعەدرێ و و بە گوژمەی 135 ملیار و 584 ملیۆن دینار، بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ-ئێتیتی دانا. درێژایی ڕێگەکە 26 کیلۆمەترە دروست دەکرێت. بە تەواوبوونی پرۆژەکە، تەواوی ڕێگەی دهۆک – هەولێر دەبێتە دوو ساید.