خشتەکانی بودجەی 2024 لە وەقایعی عێراقی بڵاو دەکرێتەوە

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 – هەولێر:

دوای پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024 لە پەرلەمانی عێراق، بە مەبەستی چوونە واری جێبەجێ کردنەوە، ڕەوانەی ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی کرا بۆ بڵاوکردنەوە.

ڕۆژی سێشەممە (4ـی حوزەیرانی 2024) سەفوان بەشیر جەرجەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق نووسراوی بڕیاری پەرلەمانی بۆ پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024 ئیمزا کرد بۆ ڕەوانەکردنی بۆ ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی.

ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی، ڕۆژنامەیەک فەرمyی حکوومەتی عێراقە و وەزارەتی داد دەری دەکات و هەموو یاسا، ڕێنمایی و بڕیارە فەرمییەکانی تێدا بڵاو دەکرێتەوە.

لە دانیشتنی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024) پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر خشتەکانی بودجەی 2024ـی فیدراڵی کۆبووەوە و بە ئامادەبوونی 199 پەرلەمانتار پەسەندی کرد،  یەکێک لە بڕگەکانی بریتییە لە دەستەبەرکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی).

بودجەی 2024ـی فیدراڵی بریتییە لە  211 تریلیۆن و 861 ملیار و 312 ملیۆن دینار، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بە 13 تریلیۆن دینار زیاترە. هەروەها خەرجییەکان وەک لە خشتەکانی بودجەدا هاتووە، پێک دێت لە خەرجی بەگەڕخستن 156 تریلیۆن 843 ملیار دینار و خەرجی وەبەرهێنان 55 تریلیۆن و 17 ملیار دینار.

پشکی هەرێمی کوردستان بە هەردوو خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان دەگاتە 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 911 هەزار دینار، خەرجی بەکاربردن 14 تریلیۆن و 840 ملیۆن و 223 هەزار دینار پێکدەهێنێت، لەو برە 11 ترلیۆن و 580 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دانراوە و بەم شێوەیە مانگانە 965 ملیار دینار بۆ خەرجی ئەم بوارە ڕەوانە دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment