توانا نەجەف: هەوڵ دەدەین توانای زانستیی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان باشتر بکەین

د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

K24 – واشنتن:

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێریی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەرێگەی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ زانکۆکانی ئەمەریکا هەوڵ دەدەین توانای زانستیی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان باشتر بکەین.

ئەمڕۆ سێشەممە (4ـی حوزەیرانی 2024) شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی بەشداریی لە کۆنفرانسی نەفسا لە ئەمەریکا، هاوکات زانکۆی دهۆک و پەیمانگەی سیاسەتی جیهان لە واشنتن، ڕێککەوتنێکیان بۆ کردنەوەی بەشی دیپلۆماسی لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی دهۆک، ئیمزا کرد.

د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: لە ڕێگەی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ زانکۆکانی ئەمەریکا هەوڵ دەدەین تواناکانی زانستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان باشتر بکەین و بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی چەندین زانکۆی ئەو وڵاتەمان کردووە.

هەر ئەمڕۆ، د. ئەمیر عەبدولڕەحمان چالی، ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ئیڤێنتی ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی لێکگەیشتن لەنێوان زانکۆی دهۆک و پەیمانگەی سیاسەتی جیهانیی لە واشنتن ئامادە بووین، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ زانکۆی دهۆک.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، لە وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشتگیرییەکی تەواو لە بە جیهانیبوونی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای هەرێمەکە دەکەین.

ئەو ڕاوێژکارەی وەزیری خوێندی باڵا باسی لەوەش کرد، هیوادارم قوتابییانی زانکۆی دهۆک سوود لە ئەزموون و شارەزایی مامۆستایانی پەیمانگەی سیاسەتی جیهانیی لە واشنتن ببینین.

هاوکات گوتیشی: ئەگەر ڕێککەوتنەکە بووە هۆی بەرەوپێشچوونی ئاستی قوتابییانی زانکۆی دهۆک و توانییان سوودی لێ وەربگرن، ئەوا لە داهاتوودا هەوڵ دەدەین زانکۆکانی دیکەی کوردستان ڕێککەوتنامەی لێکگەیشتن لەگەڵ پەیمانگە و زانکۆکانی جیهان ئیمزا بکەن.