پارتی کرێکاران: سوناک خەریکی فریودانی خەڵکی بەریتانیایە

بانگەشەی هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا دەستیپێکرد و یەکەم دیبەیتی ڕاستەوخۆی ڕیشی سوناک سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا لەگەڵ کیێر ستارمەر سەرۆکی پارتی کرێکاران بەڕێوەچوو.
پارتی پارێزگاران و پارتی کرێکاران کە ڕکابەریی سەرسەختی یەکترن بۆ سەرۆکایەتی خولی داهاتووی بەریتانیا کە بڕیارە 4ی تەمموزی ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت، بانگەشەکان گەرموگوڕ بوون و لەلایەن سەرۆکی هەردوو پارتەوە ڕەخنەی توند لە پلان و پڕۆگرامی یەکتری دەگرن.
ڕیشی سوناک، پارتی کرێکاران و سەرۆک پارتەکە بەبێ پلان لە بارەی داهاتووی بەریتانیا ناو دەبات و خەجتیش دەکاتەوە ئەگەر بە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی بەریتانیا هەڵبژێردرێتەوە، بەردەوام دەبێت لە ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ڕواندا.
کیێر ستارمەر سەرۆکی پارتی کرێکاران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەڵێنی ناڕاست نادات و خەڵکی بەریتانیاش فریو نادات.
لە یەکەم دیبەیتی ڕاستەوخۆدا سوناک و ستارمەر ڕووبەڕوی یەکتربوونەوە، ڕیشی سوناک سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا گوتی: "لە پێنج هەفتەی داهاتوو، کیێر ستارمەر یان من یەکێمان دەبینە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا. بێجگە لە بەرزکردنەوەی باج و دەستبردن بۆ مووچەی خانەنشینیتان، کەس نازانێت پارتی کرێکاران بەتەمای چییە و دەیەوێت چی بکات، بەڵام دەزانن من دەمەوێت چی بکەم، باجتان لەسەر کەم دەکەمەوە و دەستیش بۆ مووچەی خانەنشینان نابەم و ژمارەی کۆچبەرانیش کەم دەکەمەوە."
لە لایەن خۆیەوە کیێر ستارمەر، سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا لە وەڵامی سوناک پلانی خۆی خستەڕوو، رایگەیاند" ئێمە باجی دیاریکراو زیاد دەکەین. باج لەسەر قوتابخانە تایبەتەکان کەم دەکەینەوە. پێموایە دەوڵەمەندەکان دەبێت باجی خۆیان بدەن. دەبێت کۆمپانیاکانی نەوت و گازیش دادپەروەرانەی خۆیان بدەن. ئێمە باج لەسەر ئەوانە زیاد دەکەین نەوەک لەسەر هەمووان. نامەوێت فێڵتان لێ بکەم و بەڵێنێکتان پێ بدەم دواتر جێبەجێ نەکرێت، وەک ئەوەی ڕیشی سوناک دەیکات. "
هەڵبژاردنی 4ی تەمموزی 2024، یەکەم هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا دەبێت لە دوای کشانەوەی وڵاتەکە لە یەکێتی ئەوروپا، بۆ بردنەوی زۆرینە و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەبێت پارتی براوە 326 کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت.
ئێستا پارتی پارێزگاران ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی فراوانی ڕای گشتیی بەریتانیا بووەتەوە و پێشبینی دەکرێت دوای 14 ساڵ پارتی کرێکاران لەم هەڵبژاردنە بێتەوە پێش و دەسەڵات لە پارتی پارێزگاران وەبگرێتەوە و بەبردنەوەی زۆرینە و حکوومەتی نوێی بەریتانیا پێک بهێنێت.