وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریدا مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران خەرج بکات

وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریدا مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو 48 کاتژمێری دیکە پارەکە ڕەوانەی هەرێم دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5-6-2024، وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایاری "5"ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان درا.
وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو 48 کاتژمێری دیکە مووچەی 48 وەزارەت و دەستەی هەرێم ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە 4ی حوزەیرانی 2024، ڕایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کردووە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
ئێوارەی دووشەممە 3ـی حوزەیرانی 2024، پەرلەمانی عێراق خشتەکانی بودجەی 2024ـی فیدراڵی پەسەندی کرد، یەکێک لە بڕگەکانی خشتەکان دەستەبەرکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی) بوو، دوای پەسەندکردنیشی دوێنێ سێشەممە، سەفوان بەشیر جەرجەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق نووسراوی بڕیاری پەرلەمانی بۆ پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024 ئیمزا کرد بۆ ئەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاو بکرێتەوە.
بەگوێرەی خشتەکانی پەسەندکراو، بودجەی 2024ـی فیدراڵی لە 211 تریلیۆن و 861 ملیار و 312 ملیۆن دینار پێکهاتووە، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بە 13 تریلیۆن دینار زیاترە. هەروەها خەرجییەکان پێک دێت لە خەرجی بەکارخستن 156 تریلیۆن 843 ملیار دینار و خەرجی وەبەرهێنان 55 تریلیۆن و 17 ملیار دینار.
هەروەها پشکی هەرێمی کوردستان بە هەردوو خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان دەگاتە 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 911 هەزار دینار، خەرجی بەکاربردن 14 تریلیۆن و 840 ملیۆن و 223 هەزار دینار پێکدەهێنێت، لەو برە 11 ترلیۆن و 580 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دانراوە و بەم شێوەیە مانگانە 965 ملیار دینار بۆ خەرجی ئەم بوارە ڕەوانە دەکرێت.