بەڕێوەبەری سایلۆی شێخان: زیاتر لە 95 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی شێخان وەردەگیرێت

سایلۆی شێخان (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)
سایلۆی شێخان (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)

بەڕێوەبەری سایلۆی شێخان ڕایگەیاند، چاوەڕێین وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەو سیدییە (قورسە)ـمان بۆ بنێرێت کە ناوی ئەو جووتیارانەی تێدایە گەنمەکەیان لێ وەردەگرین، بۆ کردنەوەی دەرگای سایلۆ بەڕووی جووتیاراندا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2024، ئەندازیار خالد بیبۆ، بەڕێوەبەری سایلۆی شێخان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیان، چاوەڕێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراقین بۆ کردنەوەی دەرگای سایلۆکە و وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.

ئەو بەڕێوەبەرە گوتی، " ئێمە تەنها گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرین".

خالد بیبۆ ڕاشیگەیاند، "چاوەڕێین وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەو سیدییە (قورسە)ـمان بۆ بنێرێت کە ناوی ئەو جووتیارانەی تێدایە گەنمەکەیان لێ وەردەگرین. بە گوێرەی ڕێنماییەکان، سایلۆکەمان ئەمساڵ 97 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی شێخان وەردەگرێت، لە کۆی  200 هەزار تۆن بەرهەمی گەنم".

لای خۆیەوە بێگەرد تەڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند، " چەندین مانگە بەبێ ماندووبوون کارمان کردووە، عێراق پێویستی بە هەرچی دۆکیۆمێنت بووبێت ڕەوانمان کردووە، هەروەها تیممان ناردووەتە بەغدا بۆ ئەوەی دۆکیۆمێنتەکان ببەن، چاوەڕێ دەکرێت وەزارەتی بازرگانی دەرگای سایلۆکان بکاتەوە."

وەزیرەکەی کشتوکاڵ دەشڵێت، بەگوێرەی ئەو داتا سەتەلایتەی کە پێوانەی ڕووبەری داچێنراومان کردووە، بۆ دوو ملیۆن و 955 هەزار دۆنم زەوی، پێشبینی دەکەین ملیۆنێک و 200 بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنممان هەبێت، بەڵام بەهۆی فیدباکی جووتیاران کە چەند بارانێکی ئەو دواییە و سووتانی بەشێک لەزەوی جووتیاران کاریگەری هەبووە.

ڕاشیگەیاند، هەموو ساڵێک لە 1-6 دەرگای سایلۆکان دەکرێتەوە، بەڵام ئەمساڵ 2 بۆ 3 ڕۆژ بەراورد بەساڵی پار درەنگترە، ڕاشیگەیاند، ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ کەمتەرخەم نین، لە مانگی یەکەوە داوای هاتنی لیژنەی کشتوکاڵی عێراقیمان کردووە بۆ ئەوەی پشکنینی مەیدانی بکات، بەڵام خۆیان دواکەوتوون، هەروەها داوای کۆبوونەوەی لیژنەی 57مان کردووە کە سەرۆکی لیژنەکە وەزیری کشتوکاڵی عێراقە، بەڵام ئەوان دواکەوتوون و نەهاتوون تاوەکو دانووستان بکەین.

Fly Erbil Advertisment