ئەمساڵ 115 هاووڵاتیی سووریا و رۆژاوای کوردستان لە هەولێرەوە دەچنە سعوودیە

عەبدولئیلا کەلەش، بەرپرسی یۆفیسی هەولێری حاجییانی سووریا
عەبدولئیلا کەلەش، بەرپرسی یۆفیسی هەولێری حاجییانی سووریا

ئەمساڵ 115 هاووڵاتی سووریا و ڕۆژاوای کوردستان بۆ جێبەجێکردنی فەریزەی حەج، لەڕێگەی هەولێرەوە دەچنە سعوودیە.

پاش ئەوەی تەواوی حاجییانی هەرێمی کوردستان بەرەو سعوودیە بۆ جێبەجێکردنی فەریزەی حەج بەڕی کەوتن، ئەمڕۆ لە هەولێر یەکەم کاروانی حاجییانی سووریا و رۆژاوا بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەون.

ئەمڕۆ چوارشەممە (5ـی حوزەیرانی 2024)، یەکەم کاروانی حاجییانی سووریا و رۆژاوای کوردستان لە هەولێرەوە بەرەو سعوودیە بۆ جێبەجێکردنی فەریزەی حەج بەڕێ دەکەون، بەپێی زانیارییەکانیش، ئەمساڵ 115 لەو هاووڵاتییانە دەچنە سعوودیە، ئەمڕۆ ژمارەیەکیان وەکو قۆناغی یەکەم بەڕێ دەکەون، دوای چەند رۆژێکی دیکەش قۆناغی دووەم.

عەبدولئیلا کەلەش، بەرپرسی یۆفیسی هەولێری حاجییانی سووریا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی زۆری کردوون بۆ ئەوەی حاجییانی خۆیان تۆماربکەن لەوانەی پەنابەر و نیشتەجێی کوردستانن، دەشڵێت، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕێکارەکانی ناردنی حاجیانیان بۆ ئاسان کردوون، لەگەڵ ئەوەی لە ئیستەنبوڵ و قەتەریش ژمارەیەک لە سوورییەکان چوونەتە سعوودیە بۆ جێبەجێکردنی فەریزەی حەج.

عەبدولئیلا کەلەش ئاشکرای کرد، قۆناغی یەکەم 57  حاجی سووریا و رۆژئاوای کوردستان لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ سعودیە بەڕێ دەکەون، رۆژی هەینیش 55 هاووڵاتی دیکە بەڕێ دەکەون.

بەرپرسی یۆفیسی هەولێری حاجییانی سووریا گوتی،  ئەو حاجییانەی ئەمساڵ دەچنە سعودیە بۆ جێبەجێکردنی فەریزەی حەج، ئەوانەن کە لە هەرێمی کوردستان و ئەوروپان، هاتوون لەڕێگەی هەولێرەوە بچنە سعودیە، گوتیشی، لە ساڵی 2019 ەوە دەستیان بە پرۆسەی ناردنی حاجییان کردووە بۆ سعودیە، ئومێدی کرد ساڵی داهاتوو ژمارەی ناردنی حاجییانی سووریا و رۆژئاوا زیاد ببێت.

پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کرد، بۆ ئەمساڵ 5216 حاجی سووریا و ڕۆژاوای کوردستان بەڕێگەی ئۆفیسی هاوپەیمانی لە ئیستەنبوڵ و قەتەر و هەولێر دەچنە سعوودیە، تەنها لە هەولێرەوە 115 حاجی دەڕۆن.

Fly Erbil Advertisment