کەریم سلێمان: هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت

K24 – هەولێر:
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، دەڵێت: هەوڵی تەواومان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دا، وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و بە هەرێمی کوردستانیشەوە، شەش ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت.
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا گوتی: ئەمساڵ ڕێژەی گەنم نزیکەی ملیۆنێک تۆن دەبێت، وەزارەتی کشتوکاڵ عێراقیش بڕیاری دا ئەمساڵ 700 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت.
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەڵێت: هەوڵی تەواومان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دا، وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ سەجەم پارێزگاکانی عێراق و بە هەرێمی کوردستانیشەوە، شەش ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەر تۆنێک گەنمی نمرە یەک بە 850 هەزار دینار وەردەگرێت، بۆ گەنمی جۆری دوو و سێ تا ئیستا نرخ دیاری نەکراوە.
لەبارەی ساغکردنەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، کەریم سلێمان، گوتی: کۆمپانیاکان گەنمی جووتیاران بە هەمان نرخی فەرمی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە جووتیارانمان ناکڕن بەڵکو بە نرخێکی هەرزانتر دەیکڕن.
ڕۆژی (4ـی حوزەیرانی 2024) بێگەرد تەڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بڕی یەک تۆن گەنم لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت و بەپێی ئەو داتا سەتەلایتەی کە پێوانەی ڕووبەری داچێنراومان کردووە، بۆ دوو ملیۆن و 955 هەزار دۆنم زەوی، پێشبینی دەکەین ملیۆنێک و 200 بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنممان هەبێت، بەڵام بەهۆی فیدباکی جووتیاران کە چەند بارانێکی ئەو دواییە و سووتانی بەشێک لەزەوی جووتیاران کاریگەری هەبووە، پێشبینی دەکرێت لەو بڕە هەندێک کەمتر بێت.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: رۆژی چوارشەممە (5ـی حوزەیرانی2024) سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەست دەکەن بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.