وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی ڕاسپێردران کاری پێویست بکەن بۆ سوود وەرگرتن لە گەنمی جووتیاران

سایلۆکان لە چاوەڕوانی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانن - وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24
سایلۆکان لە چاوەڕوانی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانن - وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24

K24 – هەولێر:

هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی پێشوەختە بۆ چارەکردنی ئەگەری وەرنەگرتنی هەموو بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی بازرگانی فیدراڵییەوە دادەنێت و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی و بارزگانی و پیشەسازی ڕاسپارد، کاری پێویست بکەن بۆ سوود وەرگرتن لە گەنمی جووتیاران لە چوارچێوەی پلانێکی کشتوکاڵی گونجاودا.

چوارشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2024، دوای ئەوەی وەزیری کشتوکاڵ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتێکی لەبارەی دوا هەڵوێستی حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ڕاسپاردە و پێشنیازەکانی وەزارەت لەو بارەیەوە خستەڕوو، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بازرگانیی وپیشەسازیی ڕاسپارد کاری پێویست بکەن لەسەر ئەو پێشنیازانە، بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لە گەنمی جووتیارانی هەرێم لە چوارچێوەی پلانێکی کشتوکاڵی گونجاودا.

وا بڕیارە پێنجشەممە، 6ـی حوزەیرانی 2024، لە سایلۆکانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان دەستبکرێت بە وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو ڕێژە و نرخەی وەزارەتی بارزگانی فیدراڵی دیاری کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ ڕێژەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک تۆن دەبێت و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش بڕیاریداوە تەنیا 700 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە بۆ ئەمساڵ، شەش ملیۆن تۆن بەرهەمی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان وەربگرێت و نرخی یەک تۆن گەنمی پلە یەکیشی بە 850 هەزار دینار داناوە و تاوەکوو ئێستاش نرخی گەنمی پلە دوو و پلە سێ دیاری نەکراوە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕووبەری داچێندراوی گەنم بۆ ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان دەگاتە  دوو ملیۆن و 955 هەزار دۆنم زەوی، ئەگەر لافاو و ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی ماوەی ڕابردوو نەبوایە، بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەگەیشتە زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن.

لە کاتێکدا، ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت؛ بەم شێوەیە، نزیکەی 230 هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، 145 هەزار تۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر و 125 هەزار تۆن گەنمی دیکەش لە سنووری پارێزگای دهۆک وەرگیرا و نرخی هەر تۆنێکیش 850 هەزار دینار بوو.

هەروەها دوای ئەوەی جووتیارانی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی ناڕەزایەتیی خۆیان لە بەرامبەر وەرنەگرتنی گەنمەکەیان دەربڕی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لێژنەیەکی پێک هێنا بۆ چارەکردنی کێشەکە و هەردوو کۆمپانیای قەیوان لە سلێمانی و خۆشناو لە هەولێر، و کـارگـە و سـایـلـۆی "تـیـانی"  لە دهۆک ڕاسپێردران گەنمی جووتیاران وەربگرن.

ساڵی 2022، بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە؛ بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، ئەمەش وای کرد حکوومەتی عێراق بێسنوور گەنمی جووتیاران وەربگرێت، بە شێوەیەک لە پارێزگای هەولێر 118 هەزار تۆن، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 137 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە 52 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیرا.

Fly Erbil Advertisment