بێکاری و هەژاری کۆمەڵگەی ئێرانی تەنیوە

خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەخنە لە ئامارەکانی وەزارەتی کاری ئێران دەگرن و ئامارە فەرمییەکانی حکوومەت لە بارەی ڕێژەی بێکاری بەناڕاست ناو دەبەن و دەڵێن، بەپێچەوانەی ئامارەکانی حکوومەت لەم چەند ساڵەی دواییدا خەڵکی بە ڕێژەی پێشبینی نەکراو کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری و بێکاری.

سەوڵەت موڕتەزەوی، وزیری کاری ئێران لە دواین لێدوانیدا ئاماژەی بەوە داوە، نرخی بێکاری لە کابینەی ئێستای حکوومەتی ئەو وڵاتەدا کەمبوونەوەیەکی مێژوویی تۆمار کردووە و لە هەندێک پارێزگا گەیشتووەتە ژێر لە %7. هاووڵاتییانیش دەڵێن، دۆخی هەژاریی و بێکاریی ناو کۆمەڵگە بەپێچەوانەی ئامارە فەرمییەکانە.

هاووڵاتییەک  لە بارەی دۆخی بژێویی و بێکاری دەڵێ "بەهۆی ئەوەی خۆمان لەم کۆمەڵگەیەدا دەژین، دراوسێمان هەیە، برادەرمان هەیە، خزم و کەسمان هەیە، ژیانی خەڵک دەبینین، ڕاستەوخۆ لەناو دۆخەکەداین، بازاڕەکە لەبەرچاومانە، توانای کڕینی خەڵک دەبینین، هەمووی ئەوانە ئەو ئەنجامە بۆ ئێمە دەر دەخەن کە خەڵک %100 زیاتر کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری و  بێکاری و گوشاری ئابووری لەسەر خەڵک زۆر زۆر زیاتر بووە".

هاوکات مەحموود کەریمی بیرانوەند، جێگری وەزیری کار بۆ ڕەخساندنی هەلی کار دەڵێت، %25ی هەلی کاریان بۆ دەرچووانی زانکۆ تەرخان کردووە، هاووڵاتییەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەڵیت، ئەو گەنجانەی خوێندنی باڵا تەواو دەکەن لە بواری پسپۆڕیی خۆیان کاریان دەست ناکەوێت و بە ناچاری ڕوو لە بازاڕ دەکەن.

دواکاندارێکیش دەڵێ " بۆ توێژی گەنجەکان دەستکەوتنی کار سەخت بووە و خوێندنی زانکۆ تەواو دەکەن و دواتر بڕوانامەی ماستەریش بەدەست دەهێنن کەچی هەر ناتوانن لە پسپۆرییەکەی خۆیاندا ڕۆڵ بگێڕن و کارێکیان دەست بکەوێت، بۆیە بە ناوچار هەندێکیان دوکانێک دادەنێن بۆ ئەوەی بژێوی خۆیان و خانەوادەکانیان پەیدا بکەن، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەمەش تووشی بێ بازاڕی دەبنەوە".

یەکێک لەو هۆکارانەی هاووڵاتییان پێیانوایە بەربەستی سەرەکیی کەمبوونەوەی ڕێژەی بێکارییە، بەرزبوونی ڕێژەی هەڵاوسانە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان سەرووی %40ـە و هاووڵاتییەکیش بڕوایوایە ڕێژەکە زۆر لەوە زیاتر کە حکوومەتی بڵاویکردووەتەوە و دەڵێ "بە سەرنجدان لەو هەڵاوسانەی لە نێو کۆمەڵگەدا هەیە زۆر زیاترە لەو ڕێژەیەی حکوومەت بە فەرمی بڵاوی دەکاتەوە، چونکە ئەو چینە مامناوەندەی لە کۆمەڵگەدا هەیە بەهۆی قەیرانی دارایی و بێکارییەوە خەریکە ئەوانیش دەچنە ژێر هێڵی هەژاریی و ئەو چینەش لە نێو کۆمەڵگەدا نامێنێت".

دوای ئەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بەهۆی کەتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیەوە گیانی سپارد، بەشێکی زۆری وەزیران و کاربەدەستانی کابینەکەی دەڵێن، کەمبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە سێ ساڵی کاری ئەو کابینەیەدا لە هیچکام لە کابینەکانی پێشتری حکوومەتی وڵاتەکەیاندا پێشینەی نەبووە.