فیلێمێکی دۆکیۆمێنتەریی تایبەت بە کچە کوردێک، ژمارەیەک خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا

ڕونا و خێزانەکەی
ڕونا و خێزانەکەی

 فیلمێکی دۆکیۆمێنتەری کە باس لە چیڕۆکێکی تراژیدیای کچێکی کوردی تەمەن 16 ساڵان و خێزانەکەی دەکات، ژمارەیەک خەڵاتی 64ەمین فێستیڤاڵی فیلمی کراکۆڤی بەدەستهێنا.  

فیلمی دۆکیومێنتاری (دارەکان بێدەنگن)، باس لە چیڕۆکی تراژیدیای کچێکی کوردی تەمەن 16 ساڵان بە ناوی (ڕونا) و خێزانەکەى دەکات و دەرهێنەر ئاگنێشکا زوڤێفکای پۆلۆنییەوە بەرهەمهێندراوە.

فیلمەکە لە چوارچێوەی 64ەمین فێستیڤاڵی فیلمی کراکۆڤ لە پۆلۆنیا، خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکۆمێنتاری پۆڵۆنی سەرووی 30 خوولەکی و خەڵاتی (Special Mention) وەرگرت. هاوکات لەلایەن دادوەرانی فێستیڤاڵەکەوە، بۆ خەڵاتی فیلمی ئەوروپی (KFF Recommendation to the European Film Award) پێشنیاز کرا و خەڵاتێکی تایبەتیش بە (ڕونا) درا.

چیڕۆکی فیلمی (دارەکان بێدەنگن) بەم شێوەیەیە: دایکی (ڕونا) کۆچی دوایی دەکات و چەند هەفتەیەک ڕونا و باوک و براکانی لەنێو دارستانەکانی سنووری پۆلۆنیا و بێلاروس دەمێننەوە. ئەم کارەساتە وا لە (ڕۆنا) دەکات بە ناچاری هەوڵ بدات جێگای دایکی بگرێتەوە بۆ ئەوەى ئاگاداری چوار برا بچووکەکەی و باوکی بێت کە  باوکییان دوای لە دەستدانی هاوسەرەکەى تووشی خەمۆکی دەبێت.

لیژنەی دادوەری پێشبڕکێی نیشتیمانی 64ەمین فێستیڤاڵی فیلمی کراکۆڤ، بە سەرۆکایەتی پیۆتر شلیسکۆڤسکی، ستایشێکی زۆری فیلمی (دارەکان بێدەنگن)ـیان کرد  و سەرسامی خۆیان بە کاریگەری چیرۆکی فیلمەکە دەربڕی.

زیاد رەئووف، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا بەشداری لە فێستیڤالەکە کرد، ئامادەی بینینی فیلمەکە بوو و لە نزیکەوە چاوی بە دەرهێنەر، ستافی فیلمەکە، هونەرمەند ڕونا و خێزانەکەى کەوت. ناوبراو دەستخۆشی لێیان کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو کارەتان وایکرد تیشکێکی زۆر بخاتە سەر کێشە و تراژیدیای پەنابەران لەسەر ئەم سنوورە".

فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ بەردەوام بوو

فێستیڤاڵەکە لە 26ی ئایار تا 2ی حوزەیران لە سینەماکانی شاری کراکۆڤ بەڕێوەچوو؛ تێیدا 180 فیچەر، ئەنیمەیشن، فیلمی دۆکیۆمێنتەریی جیهانیی بۆ جاری یەکەم نمایشکران.

بەرهەمە بەشداربووەکانی ئەم فێستیڤالە لە سەرانسەری جیهان پێکهاتبوون، کە بریتی بوون لە وڵاتانی پۆلۆنیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئێران، تانزانیا، جەزائیر، قوبرس، کۆسۆڤۆ و مۆریتانیا.

لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەکە پێکهاتبوون لە لێژنەیەکی نێودەوڵەتی هەر یەکە لە وڵاتانی (بەریتانیا، هۆلەندا، پۆلەندا، رۆمانیا، سربیا، سویسرا، نەرویچ، ئەلمانیا، پۆرتوگال، سلۆڤاکیا و ئیسپانیا). بۆ ئەوەى هەموو فیلمەکان ببینرێت، بەشێکی بەرچاو لە فیلمەکان بە شێوەی ئۆنڵاین لە ڕێگەی پلاتفۆرمی KFF VOD ی فێستیڤاڵەکەوە بەردەست بوون.

ئەم فێستیڤاڵە لەلایەن شارەوانی شاری کراکۆڤ و وەزارەتی ڕۆشنبیری و میراتی نیشتمانی و بەرنامەی ئەوروپای داهێنەران لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا و پارێزگای مالۆپۆلسکا و پەیمانگای فیلمی پۆڵۆنی ڕێک دەخرێت بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی سینەماکارانی پۆڵۆنی.

فێستیڤاڵی فیلمی کراکۆڤ لە لیستی تایبەتی پاڵاوتنەکانی خەڵاتی ئۆسکار دایە لە بەشەکانی (کورتە فیلم، فیچەر، ئەنیمەیشن، فیلمی دۆکیۆمێنتاری).

Fly Erbil Advertisment