حەوت لە یاریزان لە هەڵبژاردەی ئینگڵاند دوورخرانەوە

هەڵبژاردەی ئینگڵاند لیستی كۆتایی بۆ یۆرۆی 2024 راگەیاند و حەوت یاریزانی بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو دوورخستەوە، لەسەرووی هەموویانەوە هاری ماگوایەر و جاك گریلیچە.
گاریس ساوسگەیت راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگڵاند لیستی یاریزانە بانگهێشتكراوەكانی بۆ بەشداریكردن لە یۆرۆی 2024 كەم كردەوە، لە نێویاندا 7 یاریزانی دوورخستەوە،
هاری ماگوایەر بەرگریكاری مانچێستەر یونایتد یەكێك بوو لە یاریزانە دوورخرانەوەكان و لە یەكەمین كاردانەوەیدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆڕمی X نووسیویەتی: وێران بووم، چونكە باشترین هەوڵمدا، بەڵام پێكانە نەفرەتییەكەم لەم خەونە بێبەشی كردم.
رۆژنامەی زە ئاتڵێتیكی بەریتانیا لە راپۆرتە هەواڵێكدا ناوی هەر حەوت یاریزانە دوورخراوەكەی هەڵبژاردەی ئینگڵاندی بۆ یۆرۆی 2024 بڵاوكردەوە كە پێكهاتوون لە (جاك گریلیچ، جەیمس مادیسۆن، جەیمس ترافۆرد، گاریل كوانسا، هاری ماگوایەر، جاراد برانسوەیت و كۆرتیس جۆنز).
هاری ماگوایەر یەكەمین یاریزان بوو لەبارەی دوورخرانەوەی لە هەڵبژاردەی ئینگڵاند روونكردنەوەیەكی لە پلاتفۆرمی Xـدا جەخت لەوە دەكاتەوە بەهۆی پێكانە نەفرەتییەكەی نەیتوانی ناوی لە پێكهاتەی وڵاتەكەی بۆ بەشداریكردن لە یۆرۆ بهێڵێتەوە.
لەمبارەیەوە ماگوایەر نووسیویەتی: من وێران بووم بەهۆی ئەوەی ناوم لە پێكهاتەی هەڵبژاردەی ئینگڵاند بۆ بەشداریكردن لە یۆرۆی 2024 دوورخرایەوە، سەرەڕای ئەوەی باشترین هەوڵم دا بۆ ئەوەی ئامادە بم، بەڵام نەمتوانی بەسەر ئەو پێكانە نەفرەتییەم دا زاڵ بم، بۆ من شانازییەكی گەورەیە نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئینگڵاند بكەم، كێشەم نییە ئەگەر وەكو یاریزانێكیش نەمتوانی دەتوانم ببمە هاندەرێكی باش بۆ وڵاتەكەم لە یۆرۆی 2024، دەگەڕێمەوە لای لێژنەی پزیشكی یانەی مانچێستەر یونایتد بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكەم بۆ وەرزی داهاتوو.
هەڵبژاردەی ئینگڵاند لە یۆرۆی 2024 كەوتووەتە كۆمەڵەی سێیەم هاشانی هەڵبژاردەكانی سلۆڤینیا، دانیمارك و سڕبیا یاریی دەكات.
