زێدە محەممەد: هیچ بیانوویەک نەبوو بۆ ئەوەی بەغدا هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێم وەرنەگرێت

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری پلان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، دەڵێت: بە هەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم، بڕی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران زیاد کرا بۆ 700 هەزار تۆن کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە.
زێدە محەممەد، بەڕێوەبەری پلان لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی هەواڵە ئابوورییەکانی کوردستان24ـدا گوتی: سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەسەر هێڵ بوو.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، لە ڕووی تەکنیکیی، داتا و زانیاری هیچ بەهانەیەکمان بۆ بەغدا نەهێشتەوە کە هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرنەگرێت، هەروەها تەنیا 30% ڕووبەری چێنراوی هەرێم هەژمار کرا، لە کاتێکدا ئێمە 2 ملیۆن و 955 هەزار ڕووبەڕی چێنراومان بە گەنم هەبوو جگە لەو ناوچانەی کە دەکەونە سنووری ماددەی 140.
بەڕێوەبەری پلان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، باسی لەوە کرد، بیانوویەکی دیکەی بەغدا ئەوە بوو بڕە پارەیەکی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستای دیاری کردبوو، نەیویست بڕی وەرگرتنی گەنمەکە و پارەکە زیاتر بکات.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، لە کابینەکانی پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی هەرێم تەنیا نزیکەی 300 هەزار تۆن بوو، بەڵام بە هەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم، ئەو بڕە بۆ 700 هەزار تۆن زیاد کرا، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە.
زێدە محەممەد، گوتی: بەبێ پسوولەی وەزارەتی کشتوکاڵ گەنم لە هیچ جووتیارێک وەرناگیرێت، هەر جووتیارێک بیەوێت گەنمەکەی ڕادەستی سایلۆ بکات، دەبێت پسوولەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی پێ بێت.
زێدە محەممەد جووتیاران دڵنیا دەکاتەوە لەوەی کەرتی تایب دوو سایلۆی دروست کردووە بۆ وەرگرتنی بڕی گەنمی زیادەیان، هاوکات دەڵێت: سایلۆکانی کەرتی تایبەت گەنم بە هەمان نرخی سایلۆی حکوومەت وەرناگرن.
پێنجشەممە، 6ـی حوزەیرانی 2024، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەکاریمان کردووە و هەموو ئاسانکارییەکیش بۆ جووتیاران دەکەین و دهرگاى سایلۆکان بۆ وهرگرتنى گهنمى جوتیارانى ههرێمى كوردستان له ههولێر و سلێمانى و دهۆك و شوێنهكانى تر دهكرێنهوه.
هەروەها ڕاشیگەیاند، دوو ڕۆژ لهمهوبهر سهرۆكوهزیرانى عێراق ڕهزامهندیدا لهسهر پلانى وهرگرتنى گهنمى جوتیارانى ههرێمى كوردستان كه بڕهكهى 700 ههزار تۆن گهنمه.