سعوودیە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی دیاری کرد
K24 – هەولێر:
سعوودییە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزی دیاری کرد و ڕۆژی شەممە 15ـی حوزەیرانی 2024 حاجییان لە کێوی عەرەفە دەوەستن بۆ بەجێگەیاندنی گەورەترین ڕوکنی حەج.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (6ـی حوزەیرانی 2024) دادگای باڵا لە سعوودیە ڕایگەیاند، سبەینێ یەکەم ڕۆژی مانگی زولحجەیە و جەژنی قوربانی پیرۆز دەکەوێتە ڕۆژی یەکشەممە (16ـی حوزەیرانی 2024).
بەم شێوەیە وەستان لە کێوی عەرەفە ڕۆژی شەممە 9ـی زولحجەیە کە هاوتایە لەگەڵ 15ـی حوزەیران و یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانیش ڕۆژی یەکشەممە دەبێت.
جەژنی قوربان، جەژنێکی تایبەت بە موسڵمانانە لە چوار ڕۆژ پێک دێت،کە موسڵمانان تێیدا گەردنئازایی و جەژنە پیرۆزە لەیەکتریی دەکەن و بە چوکلات و شیرینی دەمی یەکتر شیرین دەکەن.
جەژنی قوربان دەکەوێتە ڕۆژێک دوای 9ـی زولحججە، حاجیان لەو ڕۆژەدا لە چیای عەرەفە دەوەستن، کە گرنگترین پایەی حەجە، جەژن لە رۆژی 10ـی زولحججە دەستپێدەکات و 13ـی زولحەججە کۆتایی دێت.
لە بەیانی یەکەم ڕۆژی جەژنەکەدا موسڵمانان دەچن بۆ مزگەوت و نوێژی جەژن دەکەن و تەکبیر دەکەن. هەورەها ئەو چوار ڕۆژە لە وڵاتە موسڵمانەکان دەبنە پشووی فەرمی و قوربانیکردنیش دەکەوێتە دوای نوێژی جەژن.
موسڵمانان لە جەژی قورباندا مەڕ، بزن، مانگا یان وشتر، دەکەنە قوربانی و گۆشتی قوربانییەکەش بەسەر خزمان و دراوسێ و هەژاران دابەش دەکەن.