حوسێن بوڕ: سەقامگیریی نرخی نەوت لە جیهاندا بەندە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:
پارێزەرێکی نێودەوڵەتیی، ئاماژە بەوە دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ژیرانە مامەڵەی کردووە و ئەمەریکاش خوازیارە هەرچی زووە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە.
حوسێن بوڕ، پارێزەری نێودەوڵەتیی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا گوتی: هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی زۆر گرنگە، هەروەها سەرچاوەیەکی زۆر گرنگیشە بۆ بازاڕی وزەی جیهانی.
ئەو پارێزەرە نێودەوڵەتییە ئاماژەی بەوە دا، سەقامگیریی نرخی نەوت لە جیهاندا بەندە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا خوازیارە هەرچی زووە هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە.
هاوکات دەڵێت: بەو هەوڵە زۆرانەی کە دەدرێت لێکگەشتنێک لەنێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا دروست بووە؛ لەو بڕوایەدام بەم زووانە هەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێ دەکاتەوە.
حوسێن بوڕ، باسی لەوە کرد، تاکە ناوچەی سەقامگیر لە عێراق هەرێمی کوردستانە، کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان لەوێ کار دەکەن، سەرکردایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک هەڵسوکەوت دەکەن کە سەرنجی ئەمەریکا و کۆمپانیا نەوتییەکانیان بۆلای خۆیان ڕاکێشاوە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی خستە ڕوو، سەرکردایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر ژیرن لە ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق سوودیان لێ وەربگرێت.
هاوکات گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ژیرانە مامەڵەی کردووە، هەروەها دەبێت هەرچی زووە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بکرێن بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە.
له 25ـی ئاداری 2023ـەوە ههناردهكردنی نهوتی ههرێمی كوردستان له ڕێگهی بهندهری جهیهانی توركیا ڕاگیراوە، بهغدا، ههولێر و ئهنقهره خهریكی دانووستانن بۆ دووباره ههناردهكردنهوهی نهوتی ههرێمی كوردستان، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل لە بازاڕی وزەی جیهاندا.