چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە هەشت ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن
K24 – هەولێر:
لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و گەرمای هاوین، ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە گەشتیاری ناوخۆیی و بیانیی دەکەن و بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش ساڵانە ژمارەی گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت و یەکێک لە هۆکارەکانیش سەقامگیری هەرێمی کوردستانە کە بووەتە هۆی ڕاکێشانی گەشتیاری زیاتر.
بەهۆی گرنگیپێدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، وەک بەشێک لە فرەچەشن کردنی داهات و بەهێزکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، کەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر پێشدەکەوێت و ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە حەوت ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کردوەە، بۆ ئەمساڵیش چاوەڕوان دەکرێت ژمارەکە بەربەستی هەشت ملیۆن گەشتیار تێبپەڕێنێت.
ڕۆژی (7ـی حوزهیرانی 2024) ئیبراهیم عهبدولمهجید، گوتهبێژی دهستهی گهشتوگوزاری ههرێمی كوردستان تایبهت به كوردستان24 ڕایگەیاند، پلانێكی ههشت ساڵهیان بۆ پهرهپێدانی ژێرخانی كهرتی گهشتیاریی له ههرێمی كوردستان ههیه و ژمارەیەکی زۆری هەلی کاریش بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت.
هەرێمی کوردستان سێ جۆر گەشتیاری هەیە، ئەوانیش گەشتیارانی ناوخۆیین کە لە ناوچەیەکەوە ڕوو لە ناوچەیەکی دیکە دەکەن بە مەبەستی گەشتکردن. جۆری دووەم گەشتیاری عێراقین کە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێن و گەشت بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کورستان دەکەن، ئەم جۆرەیان زیاتر لە وەرزی هاوین و پشووەکاندا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن. هەرچی جۆری سێیەمە، بریتییە لە گەشتیاری بیانیی، ئەم جۆرەیان زیاتر لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ئەورووپی و بەشەکانی دیکەی جیهانەوە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
هەرێمی کوردستان چەندین فاکتەری گرنگی هەیە بۆ ڕاکێشانی گەشتیار، لە گرنگترینیان، سەقامگیری دۆخی ئەمنی، سرووشتی سەرنجڕاکێش، مامەڵەی گونجاوی هاووڵاتییان لەگەڵ گەشتیاران و ئاسانکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەشت کردن.
بەشێوەیەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ گەشتیارانی بیانی کردووە لە ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزا و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری دیجیتاڵی بۆ پێشکەش کردنی ڤیزا و دەستکەوتنی بەشێوەیەکی ئاسان و ماوەیەکی کەم، ئەمەش وایکردووە: تەنیا لە ساڵی 2023، دوو ملیۆن و 84 هەزار گەشتیار لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هاتووچۆیان کردووە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2022، نزیکەی 384 هەزار گەشتیاری زیاترە.
هەرچەندە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەسەر ئاستی عێراق، تاکە فڕۆکەخانەیە کە گەشتی ڕاستەوخۆی بۆ وڵاتانی ئەورووپا هەیە. ئێستاش ڕۆژانە نزیکەی 100 گەشتی ئاسمانی دەکرێت و ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە لۆدێکی زۆر دەکەوێتە سەر فڕۆکەخانەکە بەهۆی زۆری ژمارەی گەشتەکانەوە.