یەکەم ئامێری ATMـی "هەژماری من" لە سلێمانی دادەنرێت

ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە چوارچێوەی پرۆژەی "هەژماری من"
ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە چوارچێوەی پرۆژەی "هەژماری من"

K24 – سلێمانی:

یەکەم کۆمەڵە ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM)ـی "هەژماری من" لە شاری سلێمانی لەبەردەم شارەوانی شارەکە دادەنرێت.

ئەمڕۆ هەینی (7ـی حوزەیرانی 2024) ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، یەکەم کۆمەڵە ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە چوارچێوەی پرۆژەی "هەژماری من" لەبەردەم سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی دادەنرێت.

زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی "هەژماری من" و ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە "ATM"ـەوە مووچەی مانگی نیسانیان وەرگرت. چاوەڕێش دەکرێت، ژمارەکە بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی ئایار زیاتر ببێت.

هەژماری من، ژمارەیەک خزمەتگوزاریی و سوود بۆ بەشداربووانی دەستەبەر دەکات، گرنگترینیان، خزمەتگوزاری دارایی، پاداشتی هاوبەشی، توانای ڕاکێشانی پارە لە سەرجەم ئامێرەکان و کارپێکردن لە سەرانسەری جیهان و ئاسایشێکی باشتری دارایی فەراهەم دەکات.

پرۆژەی هەژماری من و بانکە بەشداربووەکان لەلایەن بانکیی ناوەندیی عێراقەوە دانپێدانراون، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش جەختدەکاتەوە، (هەژماری من) گشت مەرج وپێداویستییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی جێبەجێ کردووە.

پرۆژەی هەژماری من یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەرچەرخانێکە لە شێوازی مووچەدان و بەهێزکردنی دارایی کەرتی گشتی، پەسەندکردنی بانکی ناوەندیی عێراقە.

ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە، تا کۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانکیی بۆ زیاد لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بکاتەوە، بەمەش کەرتی بانکیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبات و تۆڕی بڵاوبوونەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە هەموو ناوچە و شارەکان فراوانتر بکات.

ئێستا زیاتر لە 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.

بە گوێرەی ئامارەکانی تیمی پرۆژەی "هەژماری من"، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆری دامودەزگای جیاوازەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە پرۆژەکەدا کردووە؛ لەو ژمارەیە 200 هەزاریان کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.