د. محەممەد عەلی: هەموو بانکەکان دەخوازن بەشداری لە پرۆژەی هەژماری من بکەن

د. محەممەد عەلی، شرۆڤەکانی ئابووری و شارەزای دارایی
د. محەممەد عەلی، شرۆڤەکانی ئابووری و شارەزای دارایی

K24 – هەولێر:

شڕۆڤەکارێکی ئابووری و شارەزای دارایی ڕایگەیاند: پرۆژەی هەژماری من شۆڕشێکە لە بواری کارگێڕی، دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و بەردەوامی و فراوانبوونی پرۆژەکە، سەرکەوتنە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی هەینی (7ـی حوزەیرانی 2024)  د. محەممەد عەلی، شرۆڤەکانی ئابووری و شارەزای دارایی لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 20:00ـی کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد: بەشێک لە میدیاکان و سۆشیال میدیا بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکاری لەبارەی پرۆژەی هەژماری منەوە، نیگەرانی و گومان لای فەرمانبەران دروست دەکەن، بۆیە ئەرکی تیمی هەژماری منە بە ڕوونکردنەوەی پێویست، بەشداربووانی پرۆژەی هەژماری من دڵنیا بکەنەوە.

محەممەد عەلی ئاماژەی بەوەشکرد: بە دڵنیاییەوە ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی هەژمای من زیاتر دەبێت و 56 بانکی ئەهلی لە عێراق هەیە و پێشبینی دەکەم ڕۆژێک لە ڕۆژان هەموو ئەو بانکانە بێنە نێو پرۆژەی هەژماری منەوە یاخود داواکاری بۆ بوون بە بەشێک لەو پرۆژەیە پێشکەش بکەن.

هاوکات ئەو شارەزای داراییە ئاماژەی بەوەشکرد: پرۆژەی هەژماری من سوودی دوو لایەنەی هەیە بۆیە بەشداری کردنی بانکەکان لە پرۆژەکە بەردەوام لە فراوان بووندایە، کاتێک مانگانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆر پارە کە مووچەی فەرمانبەرانە دەخاتە بانکەکانەوە، ئەوا سوودی گشتی بە هەمووان دەگەیەنێت و مامەڵەی بازرگانی و جووڵەی دارایی زیاتر دەکات.

لەبارەی جیاوازی پرۆژەی هەژماری من و تەوتین، محەممەد عەلی ڕوونیکردەوە، پرسی سەپاندنی تەوتین لەسەر هەرێمی کوردستان بابەتێکی سیاسیی بوو، ئەگەرنا شێوازی جێبەجێ کردنی وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان داواکراوە، لە عێراق بەوشێوەیە جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو بەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارە فەرمانبەران بە کارتەکانیان دەتوانن لە هەموو بانکە ئەهلییەکان مووچەکانیان وەربگرن.

هەروەها محەممەد عەلی، گرنگی بەکارهێنانی سیستمی بانکی بۆ مامەڵە بازرگانییەکان ڕوونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، سیستمی دارایی جیهان بووەتە ژمارە و ئەو ژمارەیەش لەنێو کارتی بانکییەکاندایە و پێویستیشی بە بوونی نەختینەی ئامادە نییە، هەروەک لە تورکیا، مانگانە حکوومەت تەنیا ڕێژەی 30%ـی مووچە بە نەختینە دەخاتە بانکەکانەوە، ئەمەش کێشەی دواکەوتن و دابەشکردنی مووچە چارەسەر دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، یەکێکی دیکە لە سوودەکانی سیستمی بانکی وەک ئەوەی محەممەد عەلی باسی کرد، پاراستنی سەرمایە و پارەی هاووڵاتییانە لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو هەر وەک ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو لە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بینرا کە بەشێک لە بازرگاکان، پارەکانیان سووتا و زیانێکی زۆریان کرد لە لەدەستچوونی پارە نەختینەکانیان.

Fly Erbil Advertisment