ئەمساڵ چاودێریی بازرگانی لە هەولێر دەستی بەسەر زیاتر لە 80 هەزار تۆن کەلوپەلی ماوەبەسەرچوودا گرتووە
K24 - هەولێر:
7ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی سەلامەتی خۆراک دەستنیشان کراوە، پسپۆڕان هۆشداری دەدەن بە هاووڵاتییان دڵنیابن لە خواردنی خۆراکی تەندروست کە بۆ بەردەوامیی ژیان و بەرەوپێشبردنی تەندروستی باش زۆر گرنگە و سەلامەتیی خۆراک ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت.
هیوا حوسێن، هاووڵاتییەکی خۆشخۆرە و زوو زوو بازاڕی دەکات، لە کڕینی خواردن کاتی زۆری پێدەچێت ئەویش بەهۆی گومانی لە زۆری ماوەی خۆراکەکە، کوالێتی بۆ ئەو پێش نرخە بۆ پاراستنی دۆخی تەندروستی.
ئەو هاووڵاتییە بۆ کوردستان24 گوتی: ئەگەر دڵنیا نەبم لە جۆری ئەو خواردنانەی پێویستمە، ئەوا نایکڕم و سەرنجم لەسەر ئەو خواردنانەیە کە بەرواری دەرچوونیان نوێیە و جۆرەکەی باشە.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن نەخۆشییە گواستراوەکانی خۆراک بە زۆری سرووشتین یان ژەهراوین و زۆرجار بەچاو نابینرێن، هەروەها بەهۆی بەکتریا، ڤایرۆس، مشەخۆر یان ماددە کیمیاییەکانەوە دروستدەبێت، بۆیە لێژنەکان چاودێری بەرهەرمەکانی بازاڕ دەکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانیی هەولێر لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا لێژنەکان شەش هەزار و 762 جار سەردانی بازاڕە جیاوازەکانی شاری هەولێریان کردووە، بەبڕی 92 ملیۆن و 815 هەزار دینار سزای شوێنەکانیان داوە، 11 شوێنیان داخستووە و 540 سەرپێچی ئەنجامدراوە و بڕی 80 هەزار و 824 تۆن کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو، دەستی بەسەردا گیراوە.
لەلایەن خۆیەوە، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: گەڕان و پشکنینی لێژنەکانیان لەگەڵ لێژنەکانی قایمقامییەت بەردەوام دەبێت و دەست بەسەر خواردنی کوالێتی نزمدا دەگرن.
پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن خۆراک و نەخۆشییە سەردەمییەکان پەیوەندیەکی زۆریان بەیەکەوە هەیە، بەپێی خەمڵاندنەکان ساڵانە 420 هەزار کەس دوای خواردنی خۆراکی پیس، گیان لەدەست دەدەن و منداڵانی خوارد تەمەن پێنج ساڵیش بە ڕێژەی 40% بارگرانی نەخۆشییە گواستراوەکان هەڵدەگرن.