هاووڵاتیانی تورکیا داوای زیادکردنی مووچەکەیان دەکەن
ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیا تاوەکوو دێت بەرزتر دەبێتەوە. بەشێک لە هاووڵاتیان داوای بەرزکردنەوەی مووچەکانیان دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان لەگەڵ گرانبوونی کاڵاکان بگونجێنن. بەشێکی دیکەشیان دەڵێن، بەرزکردنەوەی مووچە هیچ کاریگەریی نابێت.
سەرەڕای بەرزیی ڕێژەی سووی بانکیی لە تورکیا، ڕێژەی هەڵاوسان زیاتر بەرزبووەوەتەوە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی 18 مانگی ڕابردوو. دوایین ئامارەکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، ڕێژەی هەڵاوسانی بە سەدا 75.45 دیاری کردووە. دامەزراوەی ئیناگیش ڕێژەی هەڵاوسانی بە سەدا 120 ڕاگەیاندووە و ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەبووە و سەرجەم پێدوایستییەکانی ڕۆژانەیان گرانتر بووە.
هاووڵاتیی ڕێدوان ئوزدەمیر ئاماژە بەوە دەدات، "هەڵاوسان بەرز دەبێتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ فێڵبازییش زیاتر دەبێت. خەڵک هێزی نەماوە، کەمترین مووچەش هەر چەند بەرز بکرێتەوە، هەڵاوسان هێزی کڕین کەم دەکاتەوە. هەر بۆیە کەمترین مووچە ئەگر بکرێتە 30 هەزار لیرەش، دیسان بەش ناکات".
وەکو ئەوەی هاووڵاتیی ئاسمان دانشمەند باسی کرد، "کە دەچینە مارکێت نرخەکانی سێ رۆژ پیش ئێستا نابینین، داهاتیش هەر وەک خۆیەتی. پێویستە حکوومەت چارەیەک بدوزێتەوە، ئەگەر ناتوانێت هەڵاوسان چارە بکات با مووچەکانمان زیاد بکات".
ڕێژەی هەڵاوسانی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ بە بەرزیی هێشتنەوەی ڕێژەی سووی بانکی بە ڕێژەی سەدا50 بە مەبەستی دابەزاندنی ڕێژەی هەڵاوسان، بەڵام ئامانجەکەی خۆی نەپیکاوە. هاووڵاتییان و ئۆپۆزسیون بەردوام داوای چارە لە حکوومەت دەکەن.
ئۆپۆزیسیون دەڵێت، ئەگەرکێشەکان چارە ناکرێن، پێویستە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت. ئابووریناسەکانیش لەو بڕوایەدان، تەنانەت ئەگەر ڕێژەی هەڵاوسانی تورکیا تا کۆتایی ساڵ وەک وەزیری دارایی دەڵێت، بگاتە سەدا 33 هێشتا تورکیا لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانە دەبێت کە بەرزترین هەڵاوسانی هەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی تورکیا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی پاشەکەوت دەدات و لە لایەکی دیکەش بە جێگیرکردنی ڕێژەی سوودی بانکی، ڕێگری لە زیاتر بێ بەها بوونی دراوەکەی دەکات. ئابووریناسان دەڵێن، ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا بکرێت، سەرجەم پلانەکانی حکوومەت و سیستمی ئابووریی وڵات تێک دەچێت.