وەكو ئەفسانەیەك پێشوازی لە گەڕانەوەی تیاگۆ سیلڤا كرا

تیاگۆ سیلڤای بەرگریكاری پێشووی یانەكانی پاریس سانجێرمان و چێڵسی و ئەیسی میلان بە ئامادەبونی نزیکەی 55 هەزار هاندەر، بە شیوەیەکی فەرمی بە هاندەرانی یانەی فلۆمێنیسی ناسێندرا.
تیاگۆ سیلڤا بەرگریکاری هەڵبژاردەی بەڕازیل، دوای جێهێشتنی ریزەکانی یانەی چێڵسی، پەیوەندی بە یانەی فلۆمێنیسی وڵاتەکەی کرد و شەوی رابردووش بە ئامادەبوونی نزیکەی 55 هەزار هاندەر، لە یاریگای ماراکانا بە هاندەرانی یانەکەی ناسێندرا.
سیلڤا لە ساڵی 2005 بۆ جاری یەکەم خولی وڵاتەکەی جێهێشت و پاشان بۆ ماوەی چەند وەرزێک گەڕایەوە وڵاتەکەی و دواجاریش لە ساڵی 2009 بە یەکجاری گەڕایەوە ئەوروپا و بۆ ماوەی 15 ساڵ لە ئەوروپا یاریی کرد.
سیلڤا دوای ناساندنی وەکو یاریزانی یانەی فلۆمێنینسی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دڵخۆشە کە گەڕاوەتە وڵاتەکەی و دەیەوێت لەگەڵ یانە نوێیەکەی، کێبرکێی لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکان بکات.
لەمبارەیەوە تیاگۆ سیلڤا دەڵێت: سەرەتا سوپاس بۆ خوا کە دوای ساڵانێکی زۆر گەڕامەوە خولی وڵاتەکەم، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە بکەم، کە هاوکارییان کردم كە جارێكی دیكە درێسی یانەکەی پێشووم بپۆشمەوە.
سیلڤا دەشڵێت: لێرەوە بەڵێن بە هەموو هاندەران دەدەم، لەگەڵ هاورێیەکانم هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی هەموو ناسناوەکان بدەین، یانەکەمان شایستەی ئەوەیە هەموو ناسناوەکان بەدەست بهێنیت. هەروەها زۆر دڵخۆشم جارێکی دیکە لەگەڵ مارسێلۆ یاریی دەکەم، ئەو پیاوێکی مەزنە و ئەزموونێکی زۆری هەیە، ئێمە لە یانەکەمان خاوەن باشترینین و هیوادارم بتوانین وەڵامی متمانەی هاندەران بدەینەوە.
تیاگۆ سیلڤای تەمەن 39 ساڵ، پێش 26 ساڵ بۆ یەكەمجار لە یانەی لاوانی فلۆمێنسی دەركەوت، دواتر ئەزموونی یاریكردنی لە ئەوروپا لەگەڵ یانەكانی پۆرتۆ، دینامۆ مۆسكۆ، میلان، پاریس سانجێرمان و چێڵسی تاقی كردووەتەوە، لە وەرزی 2020 ـ 2021 نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ چێڵسی بەدەستهێنا، حەوتجاریش لەگەڵ پاریس نازناوی خولی نێوخۆیی بەدەستهێناوە.




