کوێستان محەممەد: لە بەڕێوەبەرایەتیی کار، هەلی کار بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنین
K24 – هەولێر:
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر کار ئاسانی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کردووە و ئەو کار ئاسانییەش لە کابینەکانی پێشوو نەکرابوو. هاوکات گوتی: سەرۆکی حکوومەت هیچ کات داوای ئێمە ڕەت نەکردووەتەوە و هەر داواکارییەکمان هەبووبێت وەک وەزارەت جێبەجێی کردووە.
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی بۆ هەمووانی کوردستان24 کە سەهێن موفتی پێشکەشی دەکات، ڕایگەیاند، بۆ یەکەمجارە لە کابینە یەک لە دوای یەکەکەکانی حکوومەت، لە کابینەی نۆیەمدا لە کارنامەی کابینەکە بە ماددەیەک باسی کەمئەندامان بکرێت کە ئەمەش وایکردووە ڕەنگدانەوەی هەبێت بۆ وەزارەتەکەمان بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری خاوەن پیداویستییە تایبەتەکان بکەین.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوە دا، توانیمان لە ڕێی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕەزامەندی وەرگرین بۆ گەڕانەوەی مووچەی نزیکەی 15 هەزار خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کە مووچەکانیان بڕابوو، ئەمەش یەکێک بوو لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هاوکات دەڵێت: لە یاسای چاکسازیدا هاتبوو ئەوانەی کە دوو مووچەیان هەیە یان مووچەیەک و مینحەیەکیان هەیە، دەبێت مینحەکە ببڕدرێت، کە ئەمەش دەبووە هۆی بڕینی مووچەی حەوت هەزار فەرمانبەری خاوەن پێداویستی تایبەت، بۆیە ئێمە پێشنیازمان کرد کە مینحەکە بکرێتە دەرماڵەی پەککەوتەیی، ئەو پێشنیازەمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد و ئەوانیش پەسەندیان کرد و خۆشبەختانە فەرمانبەرانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەم مووچە وەردەگرن هەم دەرماڵە وەردەگرن.
ناوبراو راشیگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا لە بەرژەوەندی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان یاساکانمان هەموار کردووەتەوە، کە دەبێت لە کەرتی تایبەتدا 5%ـی کارمەندەکانیان خاوەن پێداویستی تایبەت بن، هەروەها لە یەکەکەکانی نیشتەجێبوونیشدا دەبێت ڕێژەیەکی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان تەرخان بکرێت.
کوێستان محەممەد، لەبارەی دامەزراندنەوە گوتی: لە ساڵی 2010ـەوە بەهۆی قەیرانی دارایی دامەزراندن وەستاوە، بەڵام ئێمە توانیومانە بەشێک لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە گرێبەست دابمەزرێنین، هەروەها بە نووسراویش داوامان لە سەرجەم کۆمپانیاکان کردووە کە دەبێت خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەلایەن خۆیانەوە بخەنە سەر کار.
لەبارەی وەرگرتنی زەوی، ناوبراو، ئاماژەی بەوە دا، داوامان لە وەزارەتی شارەوانی کردووە کە هەر خاوەن پێداویسیتی تایبەتێک بۆمەبەستی وەرگرتنی زەوی خاڵی تایبەت بەخۆی بێت کە 10 خاڵ بێت بۆ ئەوەی سوودمەند بن.
کوێستان محەممەد باسی لە کار ئاسانییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە هەم بۆ وەزارەتەکەی هەم بۆ خاوەن پێداوستییە تایبەتەکان کردوویەتی و گوتی: "هەر کاتێک نووسراوێکی تایبەتمان بۆ سەرۆکی حکوومەت کردبێت، داواکارییەکەمانی جێبەجی کردووە و ڕەتی نەکردووەتەوە، داوای دامەزراندنی هەر خاوەن پێداویستیی تایبەتێکم کردبێت سەرۆکی حکوومەت دایمەزراندووە، بۆیە سوپاسی ناوبراو دەکەم".
لەبارەی ڕەخساندنی هەلی کار لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی کارەوە، کوێستان محەممەد گوتی: لە بەڕێوەبەرایەتیی کار، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هەلی کار بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنین.