تورکیا.. هەژاریی تەنگی بە هاووڵاتیان هەڵچنیووە

چەندان ملیۆن کرێکار چاوەڕوانن لە مانگی داهاتوودا مووچەکانیان زیاد بکرێت، هەرچەندە بەرپرسانی حکوومەتی تورکیا پشوەختە ڕایانگەیاندووە ناتوانن لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا دەستکاریی مووچە بکەن، بەڵام کرێکاران چاوەڕوانن و هیوادارن مووچەکانیان زیاد بکرێ بۆ ئەوەی بەرگەی سەختی ژیان و کارکردنی قورس بگرن.
هاووڵاتییەکی کورد کە دانیشتووی ئەستەنبۆڵە دەڵێ "پێویستە ئەوانەی مووچەیان کەمە بۆیان زیاد بکرێت، چونکە داهاتی ئێمە هێندە نییە لە کاتێکدا کرێی خانوو و یەکەی نیشتەجێ بوون بە ڕێژەی %100 زیادی کردووە و ئەگەر مووچەمان بۆ زیاد نەکرێت ئەمە زۆر خراپ دەبێت"
هاووڵاتییەکی دیکەش دەڵێ "دەوڵەت دەبێت مووچە زیاد بکات، بەڵام ئەم زیادبوونە دەبێت بە دڵی هاووڵاتییان بێت بۆ ئەوەی بتوانن بژین. ئەمڕۆ نانێک بووە بە 10 لیرە و ئەگەر لە خواردنگەیەک ساندویجێک بخۆیت 700 لیرەیە، بازاڕ زۆر گرانە".
هەروەها هەندێک لە هاوڵاتیان پێیان وایە ئەگەر زیادکردنی دەستحەق و کرێی کرێکاران چارە نەکرێ، ئەوا جیاوازیی نێوان دەوڵەمەند و هەژار زیاتر زەق دەبێتەوە. جیا لەمەش، کێشە کۆمەڵایەتییەکان زۆر لەوە زیاتر دەبن کە کۆمەڵگەی تورکیای گرتووەتەوە.
هاووڵاتییەکی تورکیش دەڵێ "ئەگەر مانگی داهاتوو مووچە زیاد نەکرێت، ئەوا خەڵک ناتوانن بژێوی خۆیان دابین بکەن. ئەو ڕۆژە بینیم خەڵکی لە نێو بازاڕ پەلاماری یەکتریان دەدا. بارودۆخەکە زۆر خراپە و حکوومەتیش ناتوانێت ئەم کێشەیە چارە بکات."
هاووڵاتییەکی دیکەش گوتی " ئەگەر کێشە ئابوورییەکانی خەڵکی چارە نەکرێن، بێگومان بێ ئابڕووی و خراپەکاری زیاتر بڵاو دەبێتەوە، سەیرکە ئێستا خەڵکی یەکتریان خۆش ناوێت و دژایەتیی یەکتر دەکەن. هۆی ئەم کێشەیەش هەڵئاوسانی بازاڕ و ئابوورییە، بەڵام زیادکردنی مووچە کێشەکان چارە ناکات، تاکە چارە ئەوەیە ئەو جیاوازە زۆرەی نێوان هەژار و دەوڵەمەند کەم بکرێتەوە"
کەمترین مووچە و دەستحەقی کار لە تورکیا 17 هەزار لیرەیە لە کاتێکدا هێڵی هەژاری لە تورکیا بە 20 هەزار لیرە دیاری کراوە، هەربۆیە ئەگەر مانگی داهاتوو حکوومەت نەتوانێت هیچ بڕیارێک لە بارەی زیادکردنی مووچە نەدات، ئەوا کرێکار و ئەو فەرمانبەرانەی مووچەکانیان کەمە، باری گوزەرانیان خراپتر دەبێت.