سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەنتەری "ئیگڵ پۆست"ـی لە هەولێر کردەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەنتەری ئیگڵ پۆست، کە تایبەتە بە کاروباری پۆستە و گەیاندن؛ لە شاری هەولێر کردەوە.
دامەزراندنی سەنتەرەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە دیجیتاڵکردنی سیستەمەکان و دامودەزگاکانی حکوومەت و لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە دامەزرێندراوە.
ئیگڵ پۆست، گەیاندنێکی پۆستەی ڕێگەپێدراوی هاوبەشە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لە ئیگڵ پۆست، پۆستەکردن لە تەواوی جیهانەوە بۆ کوردستان و لە کوردستانەوە بۆ تەواوی جیهان بەردەستە.
خزمەتگوزاریی گەیاندنی ناوخۆی و نێودەوڵەتی لە ڕێگەی زەریا و ئاسمان وشکایی دەتوانن بارەکان بگوازنەوە بۆ ناوچە جیاوازەکان لە سەرانسەری (ئاسیا، ئەفریقا، ئەمەریکای باکوور، ئەمەریکای باشوور، ئەوروپا و ئوستراڵیا).
هاووڵاتییان لە ڕێگەی ئیگڵ پۆستەوە دەتوانن تەنانەت بەڵگەنامەکانیشیان، وەک پاسپۆرت و ناسنامە بە دڵنیاترین شێواز بگوازنەوە.