وەزیری حەجی سعوودییە: نابێت حەج تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێت

سعوودییە هۆشداری دەدات لە دەربڕینی هەر جۆرە دروشمێکی سیاسی لە کاتی حەجدا. وەزیری حەج و عومرەی سعوودییە بە پێویستی دەزانێت حاجیان خۆیان لە گوتنەوەی دروشمی سیاسی و تایفی بپارێزن.
تەوفیق ڕەبیعە، وەزیری حەجی سعوودییە دووپاتی كردەوە، "حەج عیبادەتە و هیچ پەیوەندییەكی بە دروشمی سیاسیەوە نییە. ئەمە ڕێك ئەو شتەیە كە سەرکردایەتیی شانشینی سعوودییە کاری لەسەر دەکات، دڵنیابوون لەوەی حەج کردەوەیەکە بەرزترین ئاستی ڕێز، ئارامی و ڕۆحانییەت لەخۆ دەگرێت".
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زانایانی ئایینی لە سعوودییە داوایان لە حاجیان کردووە سەرنجیان لەسەر عیبادەت بێت و خۆیان بە دوور بگرن لە هەر چالاکیەکی سیاسی یان تائیفی لە کاتی ڕێوڕەسمی حەجدا. ئەمەش لە كاتێكدایە سەرۆکی دەستەی حەج و عومرەی عێراق ڕایگەیاند، دوو حاجی عێراقی لە سعوودییە دەستگیرکراون و تیمی کونسوڵخانەی عێراقیش بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانیان دەکات.
بە گوێرەی زانیارییەكان، یەكێك لە دەستگیركراوان شرۆڤەکارێكی سیاسیی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانە بە ناوی "عەمار موسافر". دەسەڵاتدارانی سعوودییە پێشتریش حاجییەكی عێراقییان بە تۆمەتی گوتنەوەی درۆشمی سیاسی و تایفی دەستگیر كردبوو.
تەوفیق ڕەبیعە، وەزیری حەجی سعوودییە ڕایگەیاند، "نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار حاجی لە سەرتاسەری جیهانەوە گەیشتوونەتە سعوودییە. لە گەشتەكاندا ئاسانکارییان بۆ كراوە و دڵنیاییان پێ دراوە. ئەوان لە بارودۆخێکی تەندروستی نایاب دان و ڕێوشوێنەكان جێگەی ڕەزامەندی حاجیانە".
ساڵانە ملیۆنان موسڵمان لە سەرانسەری جیهانەوە دەچنە مەککە بۆ ئەوەی فەریزەی حەج بەجێ بگەیەنن. تەواوی مانگی زولحیجە کە دوایین مانگی ساڵنامەی کۆچییە، لای موسڵمانان پیرۆزە و یەکێکە لەو چوار مانگەی کە تێیاندا شەڕکردن و نانەوەی ئاژاوە لەسەر موسڵمانان حەرام کراوە.