نیاز نەقشبەندی: دۆخی حاجییانی هەرێمی کوردستان زۆر باشە

شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان
شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەموو خزمەتگوزارییەکان بۆ حاجییانی هەرێمی کوردستان لە سعوودیە بەردەستن و تا ئێستە هیچ حاجییەک دەستگیر نەکراوە.

شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، حاجیانی هەرێمی کوردستان ئێستە سەرجەمیان لە شاری مەککەن و لە دۆخێکی زۆر باشدان و سەلامتن، تا ئێستا هیچ کێشەکیان تووش نەبووە.

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، هەموو خزمەتگوزارییەکان بۆ حاجییانی هەرێمی کوردستان لە سعوودیە بەردەستن، هەروەها لەبەرانبەردا حاجییان زۆر دڵخۆش و ئاسوودەن و لە خزمەتگوزارییەکان زۆر ڕازین.

بە گوتەی نەقشبەندی، تا ئێستە وەزارەتی حەجی سعوودیە ئەوانی ئاگادار نەکردووەتەوە لە دروستبوونی هەر گرفتێک بۆ حاجییانی هەرێمی کوردستان و هیچ حاجییەک دەستگیر نەکراوە.

هاوکات  باسی لەوە کرد، سعوودیە ڕێگری لەو کەسانە دەکات کە جگە لە ڤیزای تایبەتی حەج، بە ڤیزای یەک ساڵی سعوودیە و ڤیزای عومرە بیانەوێت فەریزەی حەج بکەن.