موحسین رەزایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا: جەنگ و تیرۆر باجی هەیە و دەبێت باجەکەی بدەن

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، پەیامێکی ئاراستەی وڵاتانی ئەوروپا کرد و رایگەیاند، ئەوروپییەکان شانازییان بە کردەوەکانی ئیسرائیل دەکرد، بەڵام ئێستا بە هۆی لێکەوتە ئابوورییەکانی ئەو جەنگەوە شۆک بوون و نازانن چۆن لەو قەیرانەی تێیکەوتوون خۆیان دەرباز بکەن.

هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە پەیامێکدا بۆ وڵاتانی ئەوروپا گوتی، هەر دوێنێ بوو، ئەوروپا شانازیی بە کارە پیسەکانی ئیسرائیل دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ لەو ملیارها دۆلارەی جەنگ لەگەڵ ئێران تێچووی بەسەردا سەپاندووە، سەریان سووڕماوە و گلەیی لەو دۆخە دەکەن کە خۆیان بە دەستی خۆیان دروستیانکردووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەمەد رەزایی دەڵێت، کاتێک بۆ جێنۆساید و تاوانە جەنگییەکان چەپڵەتان لێدەدا و خۆشحاڵیتان دەربڕی، بیرتان لەوە نەدەکردەوە کە دەرئەنجامەکانی دامێنی خۆتانیش بگرێتەوە؟ بۆیە دەبێت لەوە تێبگەن، جەنگ و تیرۆر باجی هەیە، ئێستا نۆرەی ئێوەیە باج بدەن.

ئەم قسانەی موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، دوای ئەوە هات، بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا بە هۆی جەنگی ئێرانەوە تووشی قەیرانی دارایی و ئابووریی بوونەتەوە.

هاوکات یوهان فادێڤۆڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکدا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی "ئێکس" رایگەیاند، زۆرینەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەی 20 لەگەڵ وڵاتەکەیدا هاوڕان لەسەر پێویستیی ئەوەی ئێران بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان، بۆ ئەوەی گرژیی و ئاڵۆزییەکان کۆتاییان پێبێت، بەهۆیەوە سەرجەم وڵاتانی جیهان تووشی کێشەی ئابووری و قەیرانی دارایی قووڵ بوونەتەوە.