لە دهۆک ئامادەکاری بۆ دووەمین فێستیڤاڵی سێوی بەرواری باڵا دەکرێت

فەهمی باڵایی، گوتەبێژی فێستیڤاڵی سێوی بەرواری باڵا
فەهمی باڵایی، گوتەبێژی فێستیڤاڵی سێوی بەرواری باڵا

K24 – دهۆک:

لە دهۆک ئامادەکاری بۆ دووەمین فێستیڤاڵی سێوی بەرواری باڵا دەکرێت و بڕیارە ئەمساڵ بەرهەمی شیرەمەنییەکانی کوێستانەکانی باکووری کوردستانیش نمایش بکرێت.

ڕۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024) فەهمی باڵایی، گوتەبێژی فێستیڤاڵی سێوی بەرواری باڵا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئامادەکارییان کردووە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دووەم فێستیڤاڵی بەرهەمی خۆماڵی بە تایبەتی سێوی بەرواری باڵا، بەڕێوەببەن.

فەهمی باڵایی ئاماژەی بەوەشکرد: لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی فراوانتر نەک تەنیا بەرهەمی ناوچەکە بەڵکوو جووتیاران لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدار دەبن و دەیان بەرهەمی جیاوازی ناوچەکانیان نمایش دەکەن.

فەهمی باڵایی ئاشکرای کرد: لە فێستیڤاڵەکەدا بەرهەمی شیرەمەنییەکانی کوێستانەکانی باکووری کوردستان نمایش دەکرێت.

ڕۆژی (25ـی تشرینی یەکەمی 2023) یەکەمین فێستیڤاڵی بەرواری باڵا بۆ بەرهەمی خۆماڵی دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو بە بەشداری جووتیارانی هەر چوار پارچەی کوردستان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (20ـی کانوونی یەکەمی 2023) یەکەم کاروانی سێوی دەڤەری بەرواری لە هەرێمی کوردستان کە لە پێنج تۆن پێک هاتبوو، هەناردەی وڵاتی قەتەر کرا.