ئەحمەدی نەژاد و عەلی لاریجانی لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دوورخرانەوە
K24 – هەولێر:
ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، شەش کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پەسەند کرد و هەر یەکە لە مەحموود ئەحمەدی نەژاد، عەلی لاریجانی، ئیسحاق جەهانگیری و عەبدولناسڕ هیممەتی لە کاندیدبوون دوورخستەوە.
ڕۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024) وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە بریتین لە مەسعود پزیشکیان، مستەفا پورمحەممەدی، سەعید جەلیلی، عەلی ڕەزا زاکانی، ئەمیر حوسێن قازی زادە هاشمی و محەممەد باقر قالیباف.
ئەمەش لە کاتێکدایە، نزیکەی 80 کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامی ئێران کاندید کردبوو، بەهۆی ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە، دەبێت کاندیدەکان بۆ ئەوەی بچنە پێشبڕکێی هەڵبژاردنەوە، دەبێت ناوەکان لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسەند بکرێت.
ڕۆژی (30ـی ئایاری 2024) ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران دوای ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی تۆمارکردنی کاندیدەکان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئێمە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ خولی چواردەهەمی سەرۆکایەتی لە ئێران، بە تۆمارکردنی ناوی کاندیدان دەست کرد و پێنج ڕۆژی خایەند.
وابڕیارە، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لە 12ـی حوزەیران دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 16 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تا ئەوکاتەی هەڵبژاردن لە 28ـی حوزەیران بە دەنگی ڕاستەوخۆی جەماوەر ئەنجام دەدرێت.
بەگوێرەی ماددەی 35 لە یاسای هەڵبژاردنی ئێران، مەرجە سەرەکییەکانی کاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بریتین لە: بەڕەچەڵەک ئێرانی بێت، کەسایەتی مەزهەبی یان سیاسی بێت، باوەڕی بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی و مەزهەبی شیعەی 12 ئیمامی هەبێت، توانای بەڕێوەبردنی هەبێت، لانی کەم ئەزموونی چوار ساڵ بەرپرسیاریەتی لە دامودەزگاکانی ئێراندا هەبێت، پێشینەی تاوانی نەبێت، لانی کەم بڕوانامەی ماستەری هەبێت، تەمەنی لەنێوان 40 بۆ 75 ساڵدا بێت.
ئێوارەی ڕۆژی (19ـی ئایاری 2024)، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردن و دیارترینیشیان ڕهئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.
دوای ئەو ڕووداوەش، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، دوای گیان لەدەستدانی ڕەئیسی، محەمەد موخبیر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، ئیدارەی دەسەڵاتی جێبەجێکاری وڵات دەگرێتە ئەستۆ.