بە نێوەندگیریی مێلانیا ترەمپ هەزاران دانیشتووی شارۆچکەی ئۆکرانیا دەگوازرێنەوە
لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە، هاووڵاتییانی مەدەنی لە شارۆچکەی "ئۆلێشکی" لە ژێر کۆنترۆڵی رووسیا لە باشووری ئۆکرانیا دەستیان بە چۆڵکردنی ناوچەکە کرد وەک بەشێک لە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی مرۆیی هاوبەش لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤ؛ هەنگاوێک کە بە نێوەندگیریی مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا و پاپای ڤاتیکان ئەنجامدراوە و هەردوو وڵاتیش چاویان لە راکێشانی سۆزی دۆناڵد ترەمپە پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا.
هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا سەرنجی خستووەتە سەر ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی لە شارۆچکەی ئۆلێشکی سەر بە ناوچەی خێرسۆن، کە دوای چوار ساڵ و هەشت مانگ لە ململانێی خوێناوی، بە یەکەمین هەماهەنگیی مەیدانی لە نێوان سوپای رووسیا و ئۆکرانیا دادەنرێت.
جگە لە رزگارکردنی گیانی هاووڵاتییان، هەردوو لایەنی مۆسکۆ و کیێڤ هەوڵ دەدەن ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک بەڵگەیەک پێشانی دۆناڵد ترەمپ بدەن کە ئەوان لەگەڵ هەوڵەکانیدان بۆ هێنانەدیی ئاشتی. هیچ کام لە دوو وڵاتەکە نایانەوێت پێش هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس لە 3ی نۆڤەمبەردا لۆمەی تێکدانی دەستپێشخەرییەکانی ئاشتییان بخرێتە پاڵ.
سەرەڕای ئەوەی هێشتا رێگەیەکی دوور لە بەردەم کۆتاییهاتنی تەواوەتیی جەنگدا ماوە، بەڵام بەرژەوەندییەکانی هەردوولا لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتندا خۆی دەبینێتەوە؛ مۆسکۆ هیوادارە ترەمپ فشار بخاتە سەر کیێڤ بۆ قبووڵکردنی مەرجەکانی کرێملن، وەک کۆنترۆڵکردنی تەواوی هەرێمی دۆنباس و رێگریکردن لە چوونە نێو هاوپەیمانیی ناتۆ؛ هاوکات کیێڤ دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی کە ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەکان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبێت، هاوشان لەگەڵ دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی پەیوەندییەکانی ستارشیڵدی سەر بە کۆمپانیای ئیلۆن مەسک، و بەردەوامیی پێدانی مووشەکی پاتریۆت لە لایەن وڵاتانی ئەوروپاوە.
بۆ رازی کردنی کۆشکی سپی، هەریەک لە ڤۆلۆدیمر پووتین، سەرۆکی رووسیا دیمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کرێملن و کیریل دمیتریێڤ نوێنەری سەرۆکایەتیی رووسیا، ستایشی رۆڵی مێلانیا ترەمپیان کردووە و ئاماژەیان بە ئەزموونی ناوبراو کردووە لە گەڕاندنەوەی منداڵانی لێکدابڕاو بۆ لای خێزانەکانیان.
لە بەرامبەردا، دیمیترۆ لوبینێتس، کۆمیسیاری مافەکانی مرۆڤ لە ئۆکرانیا سوپاسی تایبەتی خۆی ئاراستەی خانمی یەکەمی ئەمریکا کرد بۆ تەرخانکردنی کات و گرنگیدانی کەسی بە دۆخی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ئۆلێشکی. هاوکات لەم نێوەندەدا، دەستپێشخەرییەکانی "پاپا لیۆی چواردەهەم" رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە رەخساندنی زەمینەی ئەم رێککەوتنە مرۆییە.
کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە جنێڤ و نوسینگەی هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) رایانگەیاندووە کە داوایان لێ نەکراوە بەشداری لە چاودێریکردنی راستەوخۆی ئۆپەراسیۆنەکەدا بکەن، بەڵام لە دوورەوە چاودێریی رەوشەکە دەکەن. یێنس لێرکە، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆلێشکی خاکی ناسێنراوی نێودەوڵەتیی ئۆکرانیایە و پرسی بەشداریکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەستە بە بڕیاری دەسەڵاتدارانی کیێڤەوە.
وتەکانی بەرپرسانی کرێملن ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنیا لە چوارچێوەی هەمان شارۆچکەدا بمێنێتەوە؛ پێسکۆڤ رایگەیاندووە کە ئەمە کەیسێکی دیاریکراو و جیاوازە و پەیوەندیی بە پرۆسەی فراوانی ئاشتییەوە نییە. ئاگربەستە ناوخۆییەکەی ناوچەی خێرسۆن رۆژی یەکشەممە کۆتایی دێت، لە کاتێکدا لە سێ هەرێمەکەی دیکە شەڕ بە توندی بەردەوامە.