وەزیری خوێندنی باڵا: داوای دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی زانکۆکانمان كردووە
K24 – هەولێر:
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ڕایگەیاند، بە نووسراوی فەرمی داوای دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆکانیان کردووە.
ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بە ئاراستەیەکی باش بەڕێوەبچن دەتوانن کاری زیاتر بۆ دامەزراندنی قوتابییە یەکەمەکان بکەن.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، دەڵێت: زۆر پێویستمان بەوەیە سێ یەکەمەکانی زانکۆ دابمەزرێن، بەهۆی ئەوەی ئێستە لە زانکۆکان بەشێک لە مامۆستا و کارمەندەکان خانەنشین بوونە و هەندێکیشیان کۆچی دواییان کردەوە و بۆشایی دروستبووە، داوامان کردووە سێ یەکەمەکان دابمەزrێن بۆ ئەوەی بێن ئەو بۆشاییانە پڕ بکەنەوە.
ڕۆژی (28ـی نیسانی 2024) د. نه‌هله قادر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی خوێندنی باڵا له په‌رله‌مانی عێراق، به كوردستان24ـی ڕاگه‌یاند، وەک پشتیوانییەک لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، داواكارییمان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ڕاژه‌ی فیدراڵی کردووە، بۆ دامه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه پێنج ساڵه "له ساڵی 2018"ـه‌وه دانه‌مه‌زراون و ژمارەیان شەش هه‌زار دەرچوون".
ڕۆژی سێشەممە (23ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی ڕایگەیاند: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای تەرخانکردنی دارایی دەکات بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ‌و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم ڕاده‌سپێرێت بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، هه‌وڵی جیددی بۆ ته‌رخانكردنی دارایی بۆ هه‌موو سێ یه‌كه‌مه‌كانی دانه‌مه‌زراوی زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان بدرێت به‌مه‌به‌ستی دامه‌زراندنییان له دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا.