ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: ماددەی هۆشبەر لە بڵاوبوونەوە و بەکارهێنانی زیاتر دایە
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکات، ماددەی هۆشبەر لە بڵاوبوونەوەی زیاتر دایە، بەکارهێنانیشی زیاتر بووە.
رۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024)، دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی فاروق ئەلبەریر، بەڕێوەبەری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ماددەی هۆشبەر و تاوان لە عێراق کۆبووەوە.
نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، ماددە هۆشبەرەکان دیاردەیەکە لە ئێستادا لە تەشەنەکردن و بەرزبوونەوەدایە، گوتی، ئێمە لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەماهەنگیداین، پێویستمان بەهاوکاری نێودەوڵەتیی هەیە لەڕووی لۆجیستی و هونەری و تەکنیکی.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دیندار زێباری تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی، مەشق و ڕاهێنان بۆ ئەو ئەفسەرە ئەمنییانە دەستیپێکردووە کە بەرپرسیارەتییان هەیە لە سنوورەکان، گوتی، هەنگاوەکانمان لە ڕێگەی میدیاوە زیاتر کردووە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەشڵێت: ئێستا(5200) تۆمەتبار دەستگیرکراون و (1280) تۆمەتبار سزادراون، لە میانەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئاشکرای کرد، لە چاکسازییەکانی سلێمانی و دهۆک سەنتەری شیاندنەوە بۆ بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر کراوەتەوە و لە شەش مانگدا نزیکەی (80) بەکارهێنەریان گەڕاندوونەتەوە دۆخی ئاسایی خۆیان و هەوڵەکانیش بەردەوامن.
لەبەرامبەردا عەلی فاروق ئەلبەریر، بەڕێوەبەری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ماددەی هۆشبەر و تاوان لە عێراق، ستایشی گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵە بەردەوامەکانی کرد بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ دۆسێی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، بەتایبەتی دوای کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کە ساڵی رابردوو لەلایەن نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ئەنجامدرا.
عەلی فاروق ئەلبەریر ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە بابەتی دووبارە شیاندنەوە و مەشق پێکردنی هێزە ئەمنییەکان.
پێشتر ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، دەبێت ماددەی هۆشبەر ڕیشەکێش بکرێت و سەرچاوەکانی هێنانی وشک بکرێت، ئێمە شەو و ڕۆژمان خستووەتە سەر یەک هەوڵەکانمان چڕ کردووەتەوە و توانیومانە بگەینە دەرئەنجامی زۆر باش.
ئاماژەی بەوەش کرد، "ستراتیجیەتێکمان داڕشتووە، بۆ ئەوەی نەهێڵین هەرێمی کوردستان ببێتە ناوەندێکی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها ساڵی ڕابردوو توانیوومانە ڕێژەیەکی زۆر لەوانەی کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەر دەکەن دەستیگیر بکەین".