ئەرشەد ساڵحی: لە پرسی دابەشکردنی زەوی لە کەرکووک ستەم لە کەسوکاری شەهیدان کراوە

ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بەڕێوەبەری فەرمانگەکان لە کەرکووك لەسەر بنەمای شایستەبوون ناوەکانیان بەرزنەکردووەتەوە و لە پرسی دابەشکردنی زەوی لە کەرکووک ستەم لە کەسوکاری شەهیدان کراوە.

ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا گوتی: بابەتی دابەشکردنی زەوی بەپێێ فەرمانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بووە لە حکوومەتەکەی موستەفا کازمی، بەپێی بڕیارەکە لە هەر پارێزگایەک ژمارەیەک زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکتا، ئەو کات لێژنەیەک لە پارێزگای کەرکووک پێکهێنرا و داوا کرا لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان ئەو ناوانە بەرز بکرێتەوە کە شایستەی وەرگرتنی زەوین.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بەڕێوەبەری فەرمانگەکان لەسەر ئاستی شایستەی فەرمانبەری ناوەکانی بەرز نەکردووەتەوە، بەڵکو دەستکاری ناوەکانیان کردووە و گۆڕانکارییان تێدا کردووە، کەسێک کە 30 ساڵ خزمەتی وەزیفی هەیە ناوی بەرز نەکراوەتەوە لە بەرانبەردا ناوێ کەسێک بەرز کراوەتەوە کە خزمی بەڕێوەبەری یەکێک لە فەرمانگەکانە.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، پێشێلکاری دووەم لەنێوان پارێزگا، لێژنەی پێکهێندراو و شارەوانی ڕوویداوە، واتە کارەکە لە لێژنەکە چووە بۆ شارەوانی و ناوەکان گۆڕانکاری تێدا کراوە.

ئەرشەد ساڵحی، ئاشکرای کرد، لە بنەڕەتدا 366 پارچە زەویی بڕیاردراوە تەرخان بکرێت بۆ کەسوکاری شەهیدان، بریندارانی جەنگ، بەڵام کاتێک ناوی کەسوکاری شەهیدان بەرز کراوەتەوە گۆڕانکاری لە ناوەکانیاندا کراوە و، 50 پارچە زەوییان داوەتە پارتێکی سیاسی لەبری ئەوەی بیدەن بە کەسوکاری شەهیدان.

ناوبراو گوتیشی: تەواوی ئەو کێشانەی کە لە کەرکووك ڕوودەدەن هۆکارە سەرەکییەکەی نەبوونی ئیدارەی خۆجێییە لە پارێزگاکە.

لە کەرکووک، 50 پارچە زەوی کە بۆ کەسوکاری شەهیدانی پۆلیس تەرخانکرابوو، بەڵام بەوتەی خۆیان ناوەکانیان دەردەکرێن و 50 کەسی دیکە لەشوێنەکانیان دادەنرێت.

ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرو کارمەندانی دەوڵەت لەکەرکووک هێندە ئاڵۆزە بەجۆرێک، ئەگەر کەسێک لەبەرانبەر ماف و خزمەتەکانی خۆی زەوییەک وەربگرێت وەک ئەوە وایە موعجیزە ڕوویدابێت، لەبەرامبەریشدا هەزاران دۆنم بەشێوەی زیادەڕۆ لەلایەن بەشێک لە بەرپرسانەوە ببەبێ هیچ چاودێرییەک دەفرۆشرێنەوە.

Fly Erbil Advertisment