وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە کابینەکەی ناتەنیاهۆ کشایەوە

بێنی گانتس
بێنی گانتس

K24 – هەولێر:

وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل دەست لەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند و لە پەیامێکدا بۆ کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکانی دەستی حەماس ڕایگەیاند: لە تاقیکردنەوەکە سەرکەوتوونەبووین و نەمانتوانی ڕۆڵەکانتان بگەڕێنینەوە.

ڕۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024) بێنی گانتس، وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل کشانەوەی خۆی لە ئەنجوومەنی جەنگ بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتەنیاهۆ ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد: بەهۆی ڕێگرییەکانی ناتەنیاهۆ لە گەیشتن بە سەرکەوتنی ڕاستەقینە دەستی لەکارکێشاوەتەوە.

گانتس، ناتەنیاهۆی بەوە تۆمەتبار کرد کە کۆسپی بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارە ستراتیژییە گرنگەکان بە هۆکاری سیاسیی، دروست کردووە و داواشی کرد، دەست بەجێ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت و لێژنەیەکی نیشتمانیش پێکبهێندرێت.

لە یەکەم کاردانەوەشدا، بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی دەست لەکارکێشانەوەی گانتس ڕایگەیاند: ئێستا کاتی گونجاو نییە بۆ کشانەوە، بەڵکوو کاتی یەکخستنی هێزەکانە.

هەروەها یائیر لبید، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل بڕیارەکەی گانتسی بۆ دەرچوون لە "حکوومەتێکی شکستخواردوو" بە گرنگ وەسف کرد.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (8ـی حوزەیرانی 2024) سوپای ئیسرائیل، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، چوار بارمتەیان ئازاد کردووە، لە دوو شوێنی جیا لە کەمپی نووسێرات لەلایەن هێزەکانی شاباک و یەمام ڕزگارکراون، و دواتر گواستراونەتەوە ناوەندی تەندروستیی شێبا لە ناوچەی تەل هەشومیر، تەندروستی هەرچواریان باشە.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.