سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا دەست لە کار دەکێشێتەوە

ئەلێکساندەر دی کرۆ سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا
ئەلێکساندەر دی کرۆ سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا

دوای شکستهێنانی پارتی لیبراڵەکان و دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەورووپا، ئەلێکساندەر دی کرۆ سەرۆکوەزیری بەلجیکا دەست لە کار دەکێشێتەوە و گۆڕەپانەکە بۆ ڕکاربەرەکەی جێ دەهێڵێت کە پارتێکی توندڕەوە.

هاوکات لەگەڵ هەڵاوێردکردن و ژماردنی نزیکەی %90ی دەنگەکان، پارتەکەی دی کرۆ تەنیا %5.9ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی فیدراڵی بەدەست هێناوە و بەو هۆیەوە سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا ڕایگەیاند" دەست لە پۆستەکەم دەکێشمەوە، بەڵام لیبراڵەکان بەهێزن و جارێکی دیکە دەگەڕێینەوە."

لە هەڵبژاردنەکەدا هاوپەیمانی فلەمەنکیی نوێ کە پارتێکی توندڕەوە، زۆرینەی پەرلەمانی بەلجیکای بردەوە و شکستی بە پارتی لیبراڵی هێنا، بەمەش ئەگەرێکی زۆرە، بارت دی وێڤەر، سەرۆکی هاوپەیمانییە براوەکە ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی وڵاتەکە.

لە بەلجیکا دوای هەڵبژاردنەکان، وەک نەریتێکی باو و کارئاسانی بۆ شای وڵات بە مەبەستی ڕاوێژکردنی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، سەرۆکوەزیران دەست لە کار دەکێشێتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی شاهانەی برۆکسل، دی کرۆ نامەی دەست لەکار کشاندنەوەکەی پێشکەشی شا بکات، بەڵام تاوەکوو پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە.